كه‌شوهه‌وا له هه‌رێمی كوردستان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه و گه‌رمای بەتینی هاوینی ئه‌مساڵ كۆتایی هات، شاره‌زایه‌كی كه‌شناسیش دەڵێت ناوه‌ڕاستی ئه‌م هه‌فته‌یه ئه‌گه‌ر باران هه‌یه.
ئه‌مڕۆ 10-9-2023، شاڵاو هیدایه‌ت شاره‌زای بواری كه‌شناسی رایگه‌یاند” به‌هۆی دروستبوونی نزمهپاڵهپهستۆیهكی قوڵ له‌سه‌ر ده‌ریای ناوه‌ڕاست شه‌پۆلێكی به‌هێزی بارانبارین وڵاتی یۆنانی گرته‌وه و له زۆر ناوچه‌دا لافاوێكی گه‌وره و مێژوویی دروستبوو، ئه‌مه‌یش به‌هۆی گه‌رمبوونی به‌رچاوی ده‌ریاكه له‌ماوه‌ی هاوینی ئه‌مساڵ كه زیاتر له هه‌ر كاتێكی تر به‌هه‌ڵمبوون زیاتره وزه و شێیه‌كی زیاتر بۆ شه‌پۆله‌كان دابین ده‌كات”.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه به‌هۆی كاریگه‌ری ئه‌م نزمه‌پاڵه‌په‌ستۆیه له سبه‌ی به دواوه بارسته هه‌وایه‌كی فێنك له ده‌ریای له‌ناوه‌ڕاسته‌وه هه‌ڵده‌كاته سه‌ر وڵاتانی شام و دواتریش له رۆژانی 12 و 13ی ئه‌م مانگه كاریگه‌ریه‌كانی درێژده‌بێته‌وه بۆ سه‌رناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و پله‌كانی گه‌رما به‌راورد به كاتی ئێسته به‌رێژه‌ی دوو تا سێ پله نزمبوونه‌وه‌ی زیاتر به‌خۆیه‌وه ده‌بینن.
دووپاتیشی كردەوە” به‌هۆی بوونی هه‌وای سارد و شێی پێویست له به‌رزایه‌كانی سه‌ره‌وه‌ی هه‌وادا هه‌ر له رۆژانی 12 و 13ی مانگ له‌ناوچه‌كانی باكوری كوردستان و ناوچه‌كانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك و ئیداره‌ی راپه‌رین به‌تایبه‌تیش ناوچه شاخاویه‌كان ئاسمان به‌زۆری ده‌گۆرێت بۆ نیمچه هه‌ور و هاوشێوه‌ی حاڵه‌ته‌كه‌ی ڕابردوو له‌هه‌ندێك ناوچه‌دا پێشبینی چالاكبوونی هه‌وره برووسكه و تاوه‌بارانی كورت خایان به‌رێژه‌ی جیاواز ده‌كرێت”.