زاری کرمانجی – سۆران:
حزبێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هۆشداری لە بارەی هەڕەشە و هێرشەکانی ئێران دەدات و ڕایدەگەیەنێت ئێران ئامادەکاری کردووە بۆ سنووربەزاندن و هێرشێکی دیکە بۆ سەر پەنابەرانی سیاسیی کوردی دانیشتوو لە هەرێمی کوردستان.
ناوەندی بەڕێوەبەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیاندراوێکدا باس لە ئامادەکارییەکانی ئێران دەکات بۆ سنوور بەزاندن و هێرشکردنە سەر کەمپی پەنابەرانی سیاسیی حزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان و ڕایدەگەیەنێت “هەواڵ و بەدواداچوونەکان دەریدەخەن کە ڕژێم لە ئامادەکارییەکانی بۆ سنوور بەزاندن و هێرشێکی دیکە بۆ سەر پەنابەرانی سیاسیی کوردی دانیشتوو لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوامە”.
دەقی پەیامەکە..
- بۆ بیروڕای گشتی!
- وڵاتان و کۆڕ و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی!
- ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ!
هەروەک ئاگادارن ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی ڕابردوودا بۆ چەندەمین جار لە زاری کاربەدەستانی سیاسی و نیزامیی خۆیەوە هەڕەشەی پەلاماردانی کەمپی پەنابەرانی کوردی ئێرانی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستانی کردووە. هەروەها هەواڵ و بەدواداچوونەکان دەریدەخەن کە ڕژێم لە ئامادەکارییەکانی بۆ سنوور بەزاندن و هێرشێکی دیکە بۆ سەر پەنابەرانی سیاسیی کوردی دانیشتوو لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوامە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سێ دەیەی ڕابردوودا سەدان پەنابەر و چالاکی سیاسیی کوردستانی ئێرانی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا تیرۆر کردووە، لە چالاکیی لاوان و منداڵاندا بۆمبی تەقاندووەتەوە و لە چوار ساڵی ڕابردووشدا چەند جار بە مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر کەمپی پەنابەرانی سیاسیی کوردستانی ئێران، کە بەداخەوە بەو هۆیەوە دەیان کەس خەڵکی سڤیل و پەنابەر کوژراون و بریندار بوون.
لە دۆخی ئێستاشدا کە کاربەدەستانی ڕژێم تەنانەت بەئاشکرا کات و زەمەنیشیان بۆ شەپۆلێکی دیکە لە هێرشەکانیان دیاری کردووە، لە ڕێگەی ئەم ڕاگەیەندراوەوە داوا لە وڵاتان و کۆمەڵگەی جیهانی، ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بەتایبەت حکومەتی عێراقی فێدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی ئەواندا نیشتەجێن دەکەین، ئاگاداری ئەو پلانە نیزامی و ئەمنیەتییانەی کۆماری ئیسلامی بن کە بەڕێوەن. داوا دەکەین هەموو لایەک بە هەموو توانا و زەرفییەتی دیپلۆماسی و ڕێکارەکانی دیکەی بەردەمیان هەوڵەکانیان بۆ پێشگرتن لە هەرجۆرە هێرشێکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر پەنابەرانی کوردی ئێرانی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا بخەنە گەڕ. لەگەڵ ئەوەشدا بە لەبەرچاوگرتنی واقعییەتی هێژمۆنی و دەستڕۆیشتوویی ئێران لهـ عێراق بەتایبەتی لهـ ئاستی ئاسمانیدا، سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی وڵاتهـ یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمان لە عێراق بۆ بەرپرسایەتییەکانیان بە مەبەستی هەنگاوی بەکردەوە دژی دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامی و پێشگیری لهـ دووپاتبوونەوەی جینایەتەکانی ڕادەکێشێن.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێگەی ئەم ڕاگەیەندراوەوە جارێکی دیکەش بە پێداگری لەسەر سیاسەتە درووست و ئوسوولییەکانی خۆی کە تەبا لەگەڵ هەموو بەها و بایەخە نێونەتەوەیی و جیهانگیرەکانە، تەبلیغاتی کۆماری ئیسلامی بۆ پاساودانی دەستدرێژییەکانی لە وڵاتی دراوسێی و جینایەتە یەک لە دوای یەکەکانی لەدژی پەنابەرانی سیاسی بەرپەرچ دەداتەوە و ڕەتی دەکاتەوهـ. لەڕاستیشدا ئەوهـ خودی کۆماری ئیسلامییهـ کهـ بهـ زاڵکردنی کەشی میلیتاریستی و گرتنەبەری سیاسەتی سەرکوت تەنانەت لهـ بەرانبەر چالاکانی مەدەنی و خەڵکی بێدیفاع لە خۆپێشاندانە هێمنانەکانیشدا، تەواوی ئێران و بەتایبەت کوردستانی نائەمن کردووهـ. وەک ئەزموونەکانی ڕابردووش پێشانی داوە کۆماری ئیسلامی بە درێژەدانی ئەو سیاسەتەی نە دەتوانێ قەیرانەکانی نیوخۆی چارەسەر و، نە کورد و باقی نەتەوە مافخوازەکان و سەرجەم خەڵکی ئازادیخوازی ئێران ملکەچ و بێدەنگ بکا و، لەکۆتاییدا سەرکەوتن هەر بۆ گەلانی ئیران و هەموو ئازادیخوازانی ئەم وڵاتەیە.
١٨ی خەرمانانی ١٤٠٢
(٩ی سێپتامبری ٢٠٢٣)

































































