زاری كرمانجی- سۆران:
كاتێك حكوومەتی هەرێم نەوتی خۆی دەفرۆشت هەموو مانگێك لە كاتی خۆی مووچە دابەشدەكرا و فەرمانبەران هیچ كێشەیەكیان نەبوو، هەندێك كەس و لایەنی سیاسی وەكو پیشەی ڕۆژانەی خۆیان داوایان دەكرد نەوت رادەستی بەغدا بكرێت، بەوەش ژیان و گوزەرانی خەڵك خۆشتر دەبێت، كەچی بەپێچەوانەوە بەغدا سێ مانگە تەنیا 500 ملیار دیناری ڕەوانەی هەرێم كردووە. چالاكوانێكی سیاسی، دەڵێت: ئەوانەی داوایان دەكرد، نەوت ڕادەستی بەغدا بكەن دارودەستی لایەنی دەرەكی بوون بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان.
بێریڤان شەهاب، چالاكوانی سیاسی، بۆ زاری كرمانجی گوتی: هەندێك كەس و لایەنی سیاسی لە هەرێمی كوردستان چاویان بە پێشكەوتنەكانی هەرێم و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی كابینەی نۆیەم هەڵنایەت، بۆیە بەردەوام بیانۆ دەهێنەوە و دەچنە بەغدا داوا دەكەن حكوومەتی عێراق بەردەوام كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروست بكات.
دەشڵێ: ئەو پەرلەمانتار و لایەنانەی داوایان دەكرد نەوت ڕادەستی بەغدا بكەن، ئێستا بێ دەنگ بوونە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت دارودەستی لایەنی دەرەكی بوون بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان.