زاری كرمانجی -سۆران:
سهبارهت به لێدوانێكی گوتهبێژی وهزارهتی پهروهردهی عێراق، كه پێشتر رایگهیاندبوو، پارێزگای دهۆک دووەمین پارێزگایە لە رووی نەخوێندەوارییهوه، گوتهبێژی وهزارهتی پهروهردهی ههرێمی كوردستان دهڵێت: “پێویست بوو ئەو بەڕێزە شیکاری وردتری پێشکەش بکردایە، ئاستی رێژەی نەخوێندەواری بەرێژەی سەدی لە هەموو کوردستان زۆر دابەزیوە، بەتایبەت له پارێزگای دهۆک”.
سامان سیوهیلی ههروهها گوتیشی: “رێژەی دابەزینی ئاستی نەخوێندەواری، رێژەیەکی بەرچاوە”.
دهقی راگەیەندراوی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان:
لە لێدوانێکی بەڕێز گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدراڵدا هاتووە، کە پارێزگای دهۆک، دووەمین پارێزگایە لە رێژەی نەخوێندەواری، پێویست بوو ئەو بەڕێزە شیکاری وردتری پێشکەش بکردایە، بۆ بەرچاو روونی ئەم روونکردنەوە گرنگە رادەگەیەنین پاڵپشت بە ئاماری فەرمی :
ئەو داتایەی کە گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق باسی دەکات، شیکاری و بەراوردکاری بۆ نەکردووە ، کە بزانێت چ پێشکەوتنێک لە ئاستی نەهێشتنی نەخوێندەواری بەتایبەت لە چوار ساڵی رابردوو روویداوە لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان، بە تایبەت لە پارێزگای دهۆک، کە هەموو ئامارەکان پاڵپشت بە داتاکانی (دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و دەستەی ئاماری عێراق لە ژێر سەرپەرشتی رێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان) ئەنجامدراون، ئاستی دابەزینی رێژەی نەخوێندەواری بەرێژەی سەدی لە هەموو کوردستان زۆر دابەزیوە، بەتایبەتریش پارێزگای دهۆک، بەراورد بە ساڵی (2012 و 2018) کە رووپێوی کراوە رێژەی دابەزینی ئاستی نەخوێندەواری رێژەیەکی بەرچاوە، کە ئەمەش نیشانەی بوونی پلانێکی تۆکمەیە.
ڕێژەی نەخوێندەواری پارێزگای دهۆک لە ساڵی 2012 بریتی بووە لە ( 27.2٪) لەساڵی 2018 بریتی بووە لە ( 23.2٪) لە ساڵی 2021 بریتی بووە لە ( 18.7٪).
ئەو داتایانە داتای فەرمی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و دەستەی ئاماری عێراقن، کە لە ساڵانی 2012 و 2018 و 2021 بە هاوبەشی ئەنجامیانداوە، بە هاوکاری رێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، لەسەر ئەو کەسانەی تەمەنیان لەسەروو (10) ساڵە تا دەگات بەوەی لە ژیاندان بەگوێرەی چەندین سەرچاوەی ڕووپێوی.
بۆ بەرچاوڕوونی زیاتریش، چەندین ئاماری دیکەش رادەگەیەنین:
1- ڕێژەی پەیوەندیکردنی قوتابییان بە خوێندنەوە لە ناو هەرێمی کوردستان، دهۆک دووهەمین پارێزگایە لەپاش هەولێر لە ژمارەی پەیوەندیکردنی قوتابییان بە خوێندنەوە، کە بریتیە لە (34122) قوتابی تا سێ رۆژ پێش ئێستا ناویان تۆمارکراوە لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی . کە هەمووان دەزانین دهۆک سێهەم پارێزگایە لە رووی ژمارەی دانیشتوان، بەڵام دووەم بەرزترین رێژەی قوتابییانی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی تۆمارکردووە .
2- ڕێژەی گشتیی قوتابییان و خوێندکارانی هەرێمی کوردستان ، دهۆک وێڕای ئەوەی سێیەمین پارێزگای هەرێمی کوردستانە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە ، بەڵام لە پلەبەندی دووەمدایە لە ڕووی ژمارەی قوتابییان و خوێندکاران ، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئاستی پەیوەندیکردنی بە خوێندن لە بەرزترین ئاستدایە کە ژمارەی قوتابیان لە پارێزگای دهۆک (جگە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ) وەک لە خشتەکەی لە خوارەوە هاتووە بریتیە لە (430698) چوار سەد و سی هەزار و شەشسەد و هەشتاو نۆ قوتابی ، کە ئەمە دووەم گەورەترین ژمارەی قوتابییانە لەسەر ئاستی کوردستان.
سامان سیوەیلی
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان
9ی 9ی 2023