زاری کرمانجی – سیدەکان:
کەمێک لەمەوبەر، فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بەچڕی ناوچەی بۆڵێی لە دەڤەری برادۆست لە سنووری ئیدارەی سۆران بۆردومان کرد .
ماوەی چەندین ساڵە، پەکەکە لەگەڵ تورکیا ناکۆکی سیاسییان هەیە، بەهۆی هەبوونی چەکدارانی ” پەکەکە” ش لە ناوچەکە، بەردەوام تورکیا لە ڕێگەی تۆپ و فڕۆکە تۆپباران و بۆردومانی گوند و ئاوای و ناوچە سنووریەکانی قەزای سیدەکان دەکات .
عەدنان مەلا ئەحمەد بەرپرسی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سیدەکان، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” بەمەبەستی لێدان و کردنە ئامانجی پارتی کرێکارانی کوردستان ” پەکەکە ” فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا کاتژمێر 8:15خوولەکی ئەمشەو، چەند جارێک چیای بۆڵێی لە سنووری قەزای سیدەکان بۆردومان کرد .
بەرپرسی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سیدەکان، دەڵێت:” فڕۆکە جەنگییەکان تونێلێکیان لە ناوچەکە بۆردومان کردووە، بەپێی زانیارییەکان شوێنی چەکدارانی پەکەکە بووە .
گووتیشی:” لەو بۆردومانەدا هیچ هاووڵاتییەکی سڤیل نەبۆتە قوربانی، زەرەر و زیانی ” پەکەکە “ـش نەزانراوە .
قەزای سیدەكان كەوتۆتە سێگۆشەی سەرسنووری نێوان وڵاتانی كوردستان، توركیا و ئێران، خاوەنی 250 گوند و چەندین کوێستانی هەیە، زیاتر لە 100 گوندی بەهۆی بوونی پەكەكە و بۆردمان و تۆپبارانەكانی وڵاتانی دراوسێ ئاوەدان نەكراونەتەوە و لە 20 ساڵی رابردوو بەهۆی پەكەكە و توركیا لە دەڤەری برادۆست دەیان كەس بوونەتە قوربانی.