مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
وەزیری تەندروستی ئاشکرای کرد 10 حاڵەتی کۆلێرا لە هەولێر تۆمارکراون و گوتیشی کە نەخۆشییەکە گوازراوەیە و ئەگەر لە شارێک هەبێت لە شارەکانی دیکەش بڵاو دەبێتەوە.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا گووتی : “نەخۆشی کۆلێرا یەکەم جار نییە لە هەرێمی کوردستان و عێراق تۆمار دەکرێت، ناوچەکە بە گشتی ناسراوە بە بوونی بەکتریای کۆلێرا، کێشەیەکە و هۆکارەکانی زۆرن.”
وەزیری تەندروستی ئاشکراشی کرد دوای سلێمانی و گەرمیان لە هەولێریش حاڵەتی کۆلێرا تۆمارکراوە و دەڵێ : “ڕاستە حاڵەتەکانی کۆلێرا لە سلێمانی زۆرە، بەڵام لە هەولێر و گەرمیانیش حاڵەتی تووشبوون بە کۆلێرا هەیە، لە هەولێر 10 حاڵەتی پشتڕاستکراوەی کۆلێرا تۆمارکراون، نەخۆشییەکە گوازراوەیە و ئەگەر لە شارێک هەبێت لە شارەکانی دیکەش بڵاو دەبێتەوە، واتا ئەگەر لە سلێمانی هەبێت لە هەولێر و لە دهۆکیش بڵاو دەبێتەوە.”