مههدى محهممهد – زاری کرمانجی :
ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی دواین زانیاری لەسەر ڕەوشی کەرکووک و شەهیدکردنی گەنجانی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەخاتە ڕوو و ڕای دەگەیەنێت کە هێزە ئەمنییەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە دەستیان بە تەقەکردن لە خەڵک کردووە و دەشڵێت ماوەی چەند ڕۆژێک بوو خۆپیشاندەرانی سەر بە پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمان ڕێگەی نێوان هەولێر – کەرکووکیان داخستبوو لە دژی بڕیاری ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، هێزە ئەمنییەکان بێ هەڵوێست بوون و هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو، بەڵام پاش ئەوەی خۆپیشاندەرانی کورد کاتێک دژی ئەو کارەی خۆپیشاندەرە عەرەب و تورکمانەکان ڕژانە سەر شەقامەکان هێزە ئەمنییەکان جووڵەییان پێ کراو لە نێو کوچە و کۆڵانەکاندا ڕووبەڕووی گەنجانی کورد بوونەوە.
ڕێکخراوی (هیومان ڕایتس وۆچ) لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا لەبارەی دواین ڕەوشی کەرکووک ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێ : هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە کەرکووک لە ڕێگەی کوشتن و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی خۆپیشاندانی کوردانی کەرکووک بوونەتەوە.”
هیومان ڕایتس وۆچ ئەوەش دەڵێ : “هەرچەندە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک خۆپیشاندەرانی سەر بە پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمان ڕێگەی نێوان هەولێر – کەرکووکیان داخستووە لە دژی بڕیاری ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام پاش ئەوەی خۆپیشاندەرانی کورد کە دژی ئەو کارەی خۆپیشاندەرە عەرەب و تورکمانەکان ڕژا بوونە سەر شەقام، گەیشتنە شوێنی مانگرتنەکە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بڵاو بوونەوە و هێزیان بەکار هێنا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران.”
ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە لە زاری شایەتحاڵەکانەوە جەخت دەکاتەوە: “هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەستیان بە تەقەکردن کردووە، ڕەنگە ئەم تەقەکردنەش لە بەرامبەر ئەو بەردانە بووبێت کە لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە لە ئۆتۆمبێلەکانیان دەگیرا.”
ڕێکخراوی ناوبراو داوا لە حکومەتی عێراقی دەکات بە زووترین کات ئەنجامە بەرایییەکانی لێکۆڵینەوەکانی ئاشکرا بکات کە ڕێگەی لیژنەیەک و بە فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی دەستیان پێ کردووە و دەڵێ : “ئەوانەی لەو پێشێلکارییانە بەرپرسیارن، ڕادەستی دادگایەکی دادپەروەرانە بکرێن.”
ڕێکخراوی (هیومان ڕایتس وۆچ) ئاشکرای دەکات کە حکومەتی عێراق نەیتوانیوە دادپەروەری بەدی بهێنێت لە دۆسیەی کوشتنی زیاتر لە 600 خۆپیشاندەر و بریندارکردنی زیاتر لە 20 هەزار خۆپیشاندەری دیکەی ڕووداوەکانی تایبەت بە ناڕەزایییەکانی ئۆکتۆبەری 2019 کە دژی گەندەڵی و کەمیی خزمەتگوزارییەکان لە عێراق ئەنجام دران.