زاری كرمانجی-سۆران
بەرپرسی لقی26ی گوڵانی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێت: ” لە ئەندام پەرلەمانێكەوە بگرە تا دەگاتە سەرۆك كۆمار، ئەگەر نوێنەری راستەقینەی كورد نینە، هەقوایە خۆیان دەست لە پۆستەكانیان هەڵبگرن و بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
كرمانج عیزەت، بەرپرسی لقی26ی گوڵانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە زاری كرمانجی راگەیاند: ” ئەو كێشەو گرفتانەی بەغدا بۆ هەرێمی كوردستان دروستی دەكات لە ئێستاو پێشووتریش، دیارە عەڕەب عەقڵیەتی نەگۆڕاوەو لە چوارچێوەی هەماهەنگی كارناكات، بۆ ئەم مەبەستە گرنگە سەركردایەتی كورد بەم پرسە دابچێتەوە، كە بۆمان دەركەوتووە نوێنەرانی كورد تا ئێستا لە بەغدا لە پەرلەمانتارێكەوە بگرە تا وەزیر و لیژنەكانی گفتگۆگۆكان جا چ حزبی بن یان هی ناو حكوومەت، تەنانەت خودی سەرۆك كۆماریش نەیانتوانیووە وهك پێویست نوێنەرایەتی راستەقینە بكەن، دواجار بارەكەیان بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان جێهێشتووە، بۆ ئەوەی كە هەركاتێك كێشەو گرفت درووست بوو، ئەوان داكۆكی بكەن و هەوڵی چارەسەر كردنی بدەن”.
بەرپرسی لقی26ی گوڵانی پارتی دیموكراتی كوردستان، گووتیشی: ” پێویستە چەند گلەیی لە حكوومەتی عێراق بكرێت، ئەوەندەش گەلەیی لە پێداچوونەوەی لیژنەكانی هەماهەنگی ئێمە بكرێت، لە ئەندام پەرلەمانێكەوە بگرە تا دەگاتە سەرۆك كۆمار، ئەگەر نوێنەری راستەقینەی كورد نینە، هەقوایە خۆیان دەست لە پۆستەكانیان هەڵبگرن و بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بە راشكاوانە لە بەردەم هەموو خەڵكی كوردستان بڵێن ئێمە لە ئاست ئەم بەرپرسیاریەتدا نین”.
لەدوا قسەكانیدا كرمانج عیزەت، ئاماژەی بەوەدا: ” گرنگە سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان، بە كۆی لیژنەكان و نوێنەرانی خۆی دابچێتەوە، چونكە ئەگەر وەك پێویست نەبوون و ئەرك و قورسایی لەسەر هەرێمی كوردستان دروست دەبێت، كە تائێستا لەم رووەوە گرفتێكی گەورە هەیە.