زاری كرمانجی – سۆران:
مامۆستایەكی زانكۆ، دەڵێت:” سەرۆك كۆمار بەپێی دەستوور دەتوانێ بڕیارەكان پەكبخات و بەرگری لە پێكهاتەكەی كە كوردە بكات، نەك بێ دەنگی هەڵبژێرێت .
د. ڕێبین سەلام مامۆستای زانكۆ، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” بەپێی ماددەكانی دەستووری فیدڕاڵی عێراقی ساڵی 2005، ڕۆڵی سەرۆك كۆمار لە دەستووری فیدڕاڵدا، بەو شێوەیە نییە كە ئێستا سەرۆك پەیڕەوی دەكات، بەشێوەیەكە دەتوانێ بڕیارەكان پەك بخات كە دژی پێكهاتەكەی دەردەچن، بەداخەوە سەرۆك كۆمار ڕۆڵ و كاریگەری نییە و بە هیچ شێوەیەك لەسەر پرسی كرد قسە ناكات.
ئەو مامۆستای زانكۆ، دووپاتی كردەوە، لەو هەموو پیشێلكاریانەی بەرامبەر بە كورد دەكرێن، پێویست بوو سەرۆك كۆمار بەرگری لە كورد بكات و داكۆكی بكات لە مافە ڕەواكانی بە تایبەت لە بابەتی بودجە و موچە و شایستە داراییەكان.
گووتیشی:” هەرێمی كوردستان هەمیشە بەپێی دەستوور داوای مافەكانی دەكات، نەك بەشێوەی نایاسایی، بۆیە سەرۆك كۆمار ڕۆڵی نەرێنی گێڕاوە و بە داكۆكیكار نایبینین، ئەمەش هۆكارە كە دەسەڵاتدارەكانی عێراق بە ئارەزووی خۆیان بڕیار بدەن، نەبوونی كاریگەری سەرۆك كۆمار هۆكارە بۆ ئەوەی كورد لە بەغدا لاواز بێت”.