موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی
بەشێك لە بەڕێوەبەر و بەرپرسانی حكوومی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ماوەیەكی زۆرە لە پۆستەكانیان ماونەتەوە و تا ئێستا گۆڕانكارییان پێ نەكراوە، زاری كرمانجی زانیاری لەسەری دەخاتەڕوو .
هەژار حەكیم بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە زاری كرمانجی گووت:” كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە گۆڕانكاری لە پۆستە كارگێڕی و حكوومیەكان لە سەرجەم سێكتەرەكان بكات، بە تایبەت ئەوانەی ماوەیەكی زۆرە خزمەتیان كردووە و لە پۆستەكانیان ماونەتەوە، ئامانجیش لەو گۆڕانكاریە دەستاودەست كردنی دەسەڵاتە بە شێوەیەكی دیموكراسی و گونجاندنە لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی حكوومەت، نەك لەبەر ئەوەی بەڕێوەبەر و بەرپرسەكە خراپە یا لاوازە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سۆران، گۆڕانكاریی لە پۆستە حكوومییەكان پڕۆسەیەكی بەردەوامە، بەڵام هەموویان بەیەكەوە ناكرێت و بە قۆناغ ئەنجامدەدرێت، لە ئیدارەی سۆران لە مەودووا لەسەر بنەمای پسپۆڕی و پێویستی شوێنەكان و ئەزموون و كەسایەتی كەسەكە بەڕێوەبەر و بەرپرسەكان دادەندرێن و پێشنیاری ئەو كەسانە دەكەین.
سۆران ماوەی دووساڵە لەلایەن كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كراوەتە ئیدارەیەكی سەربەخۆ، خاوەنی شەش قەزا و 13 ناحیەیە و زیاتر لە 800 گوندە، لە سنووری ئەو ئیدارەیە ژمارەیەكی زۆری بەڕێوەبەرایەتی گشتی و بەڕێوەبەرایەتی دیكە و فەرمانگە و بنكەی لێیە، بەشێك لە بەڕێوەبەر و بەرپرسان ساڵانێكە لە پۆستەكانیان ماونەتەوە و ئیدارەی سۆران پلانی گۆڕانكاری هەیە.