د. سانع شەریف
نەناردنی شایەستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لەناوییاندا مووچەی مووچەخۆران پرسێکی نیشتمانی و نەتەوەییە، پێویستە بەرەیەکی یەکگرتوو بۆ بەرگرتن لە حکومەتی عێراق و بڕیاردەرانی پشت حکومەتی عێراق لەوبارەیەوە دروست بێت، هەروەها کۆمەڵگای نێودەولەتیشی لێ ئاگادار بکرێتەوە . هەر چۆنێک بێت هەڵسوکەوتی حکومەتی عێراق بەرامبەر قوتی خەڵک و برسیکردنیان هیچ ڕەوایەتییەک هەڵناگرێ، چونکە مافی بژێوییانە، کە دەچێتە چوارچێوەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤەوە.
ئەم ڕەفتارەی حکومەتی عێراق هیچ جیاوازییەکی نیە لەگەڵ سەردەمی کۆڕەوەکەی بهاری ساڵی ١٩٩١ کە رژێمی پێشووی بەعس بەرامبەر گەلی کورد ئەنجامیدا، کە بوەهۆی ئەوەی کۆمەڵگای نێودەڵەتی دەستێوەردان بکات. ئێستا دەسیکردن بە پرسی بژێوی خەڵک لەلایەن حکومەتی عێراق کە بۆ ٣ مانگ دەچێت هەموو سنورە یاسایی و دەستورییەکانی بەزاندووە تەنانەت هیچ دانوستاندنی تریش، هەڵناگرێت.
گرنگتر لەمەش، هاتنی ئەو بڕەپارەیەی کە حکومەتی ناوەند وەک قەرز دەی نێرێت بۆ حکومەتی هەرێم جێگەی گومانە و نیازپاکی لێنابینرێت ؛ بەلکو ئەمە یەکەمجار ، وەک خۆی دەڵێت قەرزە لەسەرحکومەتی هەرێم، دووەمجاریش بۆئەوەیە لە بەرامبەری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ڕووی خۆی سپی و بێ بەری بکات تاکو بلێت ئەوەتا ئێمە هەوو دەستپێشخەرییەکمان کردووە بۆ حکومەتی هەرێم، بەڵام حکومەتی هەرێم تێیدا کەمتەرخەمە، لە کاتێکدا روونە حکومەتی هەرێم پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە. پرسیارێکی گرنگ و سادە دێتە پێش؛ بۆچی حکومەتی عێراق مووچەی خەڵکی کوردستان نانێرێت.؟
مادام ئەوان پێیانوایە جیاوازی لەنێوان هاووڵاتییانی عێراق ناکەن بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بۆیە ئەمە جگەلە قەتیسکردنی پرسی کورد لە مووچەی فەرمانبەران و سەرگرێدانی حکومەتی هەرێم و برسیکردنی خەڵکی هەرێم، هیچی تری لێ ناخوێندرێتەوە.