شەهلا رەشید- سۆران:
پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشییەكان و گەشەی منداڵان، دەڵێت: دوای پشووی هاوین، وەرزی گەڕانەوەیە بۆ قوتابخانە، بۆیە دەبێ منداڵەكانمان ئامادە بكەین بۆ قۆناغەكانی سەركەوتنی خوێندن.
د. محەمەد حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەكان و گەشەی منداڵان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” دایكان و باوكان بۆ وەرزی نوێی خوێندن دەبێ منداڵەكانیان ئامادە بكەن بۆ قۆناغەكانی سەركەوتنی خوێندن، پێویستە وایان لێ بكەن خۆشەویستییەك لای دروست ببێت و بەهیچ شێوەیەك لە قوتابخانە و مامۆستا نەیانترسێنن، هەروەها پێش دەستپێكردنی خوێندن دەبێ بۆیان ڕوون بكرێتەوە و ناتوانن وەك كاتەكانی پشووی هاوین كە درەنگ دەخەوتن و دەهاستانەوە ژیانی خۆیان بەڕێ بكەن، لە وەرزی خوێندن پێویستە منداڵ سەر لە ئێوارە بخەوێت، خواردنیش بابەتێكی زۆر گرنگە دەبێ لە ماڵەوە خواردنی سروشتی جۆراوجۆر و تەندروست پێی بدرێت و بەهیچ شێوەیەك كێك و پسكێت و شەربەت لە قوتابخانە نەخوات كە خەریكە لە هەندێك خوێندنگەكان دەبێتە دیاردە، بۆیە لەجیاتی ئەمانە دایكان دەتوانن میوە بۆ منداڵكانیان ئامادە بكەن و لەوێ بیخۆن.
دووپاتی كردەوە، لەكاتی خوێندنی وانەكان نابێ بەهیچ شێوەیەك لە منداڵەكان توڕەببن، پێویستە یارمەتیدەریان بن و لەسەرەخۆ لە وانەكاندا یارمەتیان بدەن، جانتا نابێ قورس بێت و ماندووی بكات، هەروەها گرنگترین خاڵ وازهێنانیانە لە شاشە ئەلیكترۆنییەكان كە یارمەتیان دەدات بۆ خوێندن و دوانەكەوتنیان لە وانەكان، ئەنجامدانی وەرزشیش ڕووڵێكی زۆری هەیە بۆ بەرەوپێشبردنیان لەڕووی مێشك و جەستەوە”.