زاری كرمانجی- سۆران
بەڕێوەبەری تەندروستی سۆران، لە دیدارێكی زاری كرمانجی، باس لە پلان و بەرنامە نوێیەكانی لە بواری تەندروستیدا كرد و گووتی” هەوڵدەدەین ئەو كەموكوڕییانە لەڕووی تەندروستییەوە لەو سنوورە بەرفراوانەدا هەیە بەدوداچوونی بۆ بكەین و چارەسەری بكەین.
د. حەمرین مینە ئەحمەد، بەڕێوەبەری تەندروستی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” دوای دەستبەكاربوونم وەك بەڕێوەوبەری تەندروستی سۆران، بەرنامە و پلانی تایبەت بەخۆم هەن لە كەرتی تەندروستی سۆران، هەوڵدەدەین ئەو كەموكوڕییانە لەڕووی تەندروستییەوە لەو سنوورە بەرفراوانەدا هەیە بەدوداچوونی بۆ بكەین و چارەسەری بكەین، ئێستا دەڤەری سۆران لەگەڵ ساڵانی پێشتر جیاوازی زۆری هەیە و بوون بە ئیدارەی سەربەخۆ، پاڵپشتییەكی باشترە بۆ خزمەتگوزاری لە هەموو كەرتەكان، هەروەها هەبوونی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆرانیش، یارمەتیدەرێكی زۆر باشە بۆ هەموو ناوەندە تەندروستییەكانی سنوورەكە، چونكە دەتوانین زیاتر داواكارییەكان بگەیەنینە دەست و زووتریش وڵاممان بدرێتەوە”.
ئاشكراشی كرد” مانگانە كۆبوونەوە ئەنجامدەدرێن لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، قائیمقاقەكان و سەرۆك شارەوانی، من وەك نوێنەری تەندروستی كە بەشدارم لە كۆبوونەوەكەدا لە دواین گفتووگوودا ماستەرپلانی نوێ بۆ ئەم شارە هەبووە، لە هەموو سێكتەرەكان كاری زۆر باش دەكرێت بەتایبەت لە تەندروستی بۆ زیادكردنی ناوەنەكانی تەندروستی، فریاكەوتنی زیاتر و شوێنی گونجاو و لەڕووی ژینگەوە سەوزای زیاد بكرێت هەموو ئەمانە پێشكەوتنە بۆ ئەم شارە.