زاری كرمانجی- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ دەڵێت” زۆرێك لەو ئافرەتانەی شێرپەنجەی هێلكەدانیان هەیە لە سەرەتاوە هەست بە هیچ شتێكی نائاسایی ناكەن.
د. سەركەوت خۆشناو، پزیشكی ڕاوێژكار بۆ چارەسەری گرێ و نەخۆشییەكانی شێرپەنجە، دەڵێت” زۆرێك لەو ئافرەتانەی شێرپەنجەی هێلكەدانیان هەیە، لە سەرەتاوە هەست بە هیچ شتێكی نائاسایی ناكەن كە بەهۆی شێرپەنجەكەوە بۆیان دروست بوو بێت، بەڵكو كاتێك پشكنینی حەوزیان بۆ دەكرێت لەلایەن پسپۆڕی ئافرەتان یان سۆنەری حەوزیان بۆ دەكرێت بۆ مەبەستێكی تر، هەست بە بوونی گرێیەك دەكرێت و شێرپەنجەی هێلكەدانەكەیان پەردەی لەسەر لادەدرێت، بەڵام ئەگەر شێرپەنجەكە نیشانە دروست بكات و هەستیش بە نیشانەكان بكرێت پێویستە بەزووترین كات سەردانی پزیشك بكرێت.
ئەوانەی خوارەوە بەشێكن لە نیشانەكانی كە بریتین لە:
-ژانە زگ و گەورە بوونی، یاخود ئافرەتەكە هەست بكات قوڕساییەك لە ناو زگی هەیە
-هەستكردن بە تێری و نەمانی شەهیەی خواردن
-زوو زوو میز كردن
ئەم پزیشكە ئاشكراشی كرد”جگە لە شێرپەنجەی هێلكەدان، نەخۆشی دیكەش لەوانەیە ئەو نیشانانە دروست بكەن، بەڵام ئەگەر یەكێك یان زیاتر لەو نیشانانەی سەرەوەیان هەبوو بەتایبەتی ئەگەر كەسێكی پلە یەكی خێزانەكە واتە دایك، خۆشك و كچ تووشی شێرپەنجەی مەمك یان هێلكەدان بووبن، ئەوا سەردانی پزیشكی پسپۆڕی شێرپەنجە بكەن، چونكە لەوانەیە هۆكارەكەی شێرپەنجەی هێلكەدان بێت.