زاری كرمانجی- سۆران:
بەڕێوەبەری خانەنشینی سۆران، ئاشكرای دەكات، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیەكەمان ساڵانە نزیكەی 300 كەس خانەنشین دەكرێن، بەڵام ئەگەر تەمەنەكە گونجاویش بێت و رێژەی خزمەتی كەم بێت، ئەوا خانەنشین ناكرێت.
یەعقوب ئەحمەد، بەڕێوەبەری خانەنشینی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: بەپێی یاسا، فەرمانبەر لە تەمەنی 63 ساڵی و ساڵانی خزمەتیشی لە 15 ساڵ كەمتر نەبێت ئەوا خانەنشین دەكرێت، بەڵام هەر كەسێك تەمەنی 45 ساڵ بێت و 15 ساڵیش خزمەتی هەبێت، دەتوانێت داواكاری بۆ خانەنشین بوون پێشكەش بكات.
دووپاتی كردەوە، ئەگەر فەرمانبەرەكە مەدەنی بێت، لە كاتی خانەنشین بوونی موچەی 6 مانگی بنەڕەتی لە فەرمانگەی خۆی پێی دەدرێت، هەروەها بۆ ئەوانەی كە سەر بەهێزەكانی ناوخۆن، 15 ساڵ خزمەتی لە كەرتی سەربازی كردبێت، ئەوا لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی 12 مووچە بە تەواوی بۆ خەرج دەكرێت.
ناشی شارێتەوە، خانەنشینیش هەیە بەپێی یاسا لە یەك موچە زیاتر وەردەگرێت، بەشێوەیەك موچەی خانەنشینی وەردەگرێت و لەلایەكی دیكەش موچەی كەم ئەندامی وەردەگرێ، حاڵەتێكی دیكەش هەیە خۆی خانەنشینە و موچەی شەهیدی هاوسەرەكەی وەردەگرێت ئەمانە بەپێی یاسا گونجاون”.
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سۆران، كەمترین مووچە 220 هەزارە و زیاترینیشیان لە دوو ملیۆن بەسەرەوەیە، ئەمەش زیاتر پلە تایبەتەكان دەگرێتەوە وەك بەڕێوەبەری گشتی، پڕۆفیسۆر و ئەندام پەرلەمانەكان.