موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی:
بەرپرسێك لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دووای زیاتر لە 30 ساڵ لە خزمەت و بەرپرسیارەتی، پلەی بەرز كرایەوە و لە مەودووا وەك بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەك كارەكانی ڕای دەكات.
د. سەیدەوان عومەر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەری سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” لە دەستپێكی ساڵی 1992 گواسترامەوە بنكەی ڤێتەرنەری ڕواندز و وەك بەرپرسی بنكەكە دەستبەكاربووم، ئەوكات 14 كارمەندم هەبوون و كار و باری هاووڵاتییانمان ڕای دەكرد و دواتر لە ساڵی 1995 بنكەی ڤێتەرنەری سۆرانمان كردەوە و گواسترامەوە سۆران و لەوكات تا ئێستا خزمەتی ئەو دەڤەرە دەكەین .
د. سەیدەوان عومەر، دەڵێت:” دووای هێنانەكایەی ئیدارەی سۆران، بنكەی ڤێتەرنەری سۆران ناونیشانی گۆڕدرا و ماوەی چوار مانگە بەفەرمی بووینەتە بەڕێوەبەرایەتی و وەك بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەری سۆران داندراوم .
بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری سۆران، دووپاتی كردەوە، بەداخەوە كاری ئاژەڵداری لە سنوورەكەمان لە ئاستێكی باشدانییە و ڕۆژ بە ڕۆژ لە پاشەكشێدایە و پێویستە كاری لەسەربكرێت، ئەمەش پەیوەندی بە چەند هۆكارێكەوە هەیە، دیارترینیان هاوكاری نەكردنی ئاژەڵدار و مەڕدارەكان لەلایەن حكوومەتەوە، بەزەحمەتی كاری بەخێوكردنی ئاژەڵداری و نائارامی كوێستانەكان، ناسەقامگیری بازاڕی كڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ و هەڵكشان و داكشانی زۆر، هۆكارێكی دیكەیە ئاژەڵداران تووشی زەرەر دەبن، هەروەها گەنجان سل لە كاری ئاژەڵداری دەكەنەوە و وەك ساڵانی پێشتر هاریكاری كەس و كاریان نین بۆ بەخێوكردن و چاودێری كردنییان”.
گووتیشی:” پێویستە هاووڵاتییان بە تایبەت گوندنشینان گرنگی بە كاری ئاژەڵداری بدەن، چونكە دەبێتە هۆی دروست بوونی هەلی كار و هۆكارێكە بۆ دەوڵەمەندبوون و زیاد كردنی سامان .
د . سەیدانەوە عومەر خەڵكی ڕواندزە و دەرچووی بەشی پزیشكی زانكۆی بەغدایە، ساڵی 1988 بۆیەكەمینجار لە شاری هەولێر دامەزراوە و لە سەرەتای ساڵی 1992 گواستراوەتە سنووری ئیدارەی سۆران، لەو كاتەوە تا ئێستا بەرپرسیارەتی هەبووە.