مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
لە بڕیارێکی سەیردا، وەزارەتی پەروەردەی سعوودیە ڕادەگەیەنێت هەر قوتابییەک لە بیست ڕۆژ زیاتر ئامادەی وانەکانی نەبێت لە قوتابخانە، بەرپرسی یەکەمیان کە دایک و باوکە دەستگیر دەکرێن.
وەزارەتی پەروەردەی سعوودیە ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی ئەیلوولی 2023 ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕاگەیاند :”لەمەودوا لەپێناو کەمکردنەوە و ڕێگریکردن لە دواکەوتن و نەهاتنی قوتابی بۆ قوتابخانە، ڕێکارێکی نوێ بەکار دەهێنن،”
وەزارەتی پەروەردە لە ڕاگەندراوەکەدا ئاگاداری قوتابییان و دایک و باوکیان دەکاتەوە گەر 20 رۆژ زیاتر ئامادەیی قوتابخانە نەبێت، بەرپرسی یەکەمی قوتابییەکە کە دایک و باوکیانە دەستگیر دەکرێن و ڕادەست بە داواکاری گشتی دەکرێن.
هاوکات بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە هۆشداری دەدەنە دایک و باوکان، بۆ ئەوەی دەستگیر نەکرێن لە کاتی نەهاتنی قوتابییەکانیان بۆ قوتابخانە، پێویستە هۆکارێکی باوەڕپێکراویان هەبێت و ڕوونی بکەنەوە کە بۆچی قوتابییەکە نەهاتووە بۆ قوتابخانە.