دادگەی فیدراڵی عێراق، بڕیارێكی بۆ بەرژەوەندی هەرێم سەبارەت بە پارەی پسوولەی خۆراك دەركرد، ئەویش بە رەتكردنەوەی داوایەكی یاسایی تۆماركراو لە لایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە بە ناچاركردنی هەرێم بە دانی پارەی 17 ساڵی بەرانبەر بە خۆراكی مانگانە وەرگیراوە.
بە پێی بڕیارێكی دادگەی فیدراڵی عێراق، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای گشتیی بازرگانی مادە خۆراكییەكان، داوایەكی لەسەر وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەولێر تۆمار كردبوو، داوای كردووە بە پابەندكردنیان بە دانی پارەی وەرگیراو لە بەرانبەر خۆراكی مانگانە لە 1ی كانوونی دووەمی 2004ەوە تا 30ی ئەیلوولی 2021، ئەوەش بە پێی نرخی ئەو مادانەی كڕاون و ژمارەی ئەو كەسانەی پسوولەی خۆراك دەیانگرێتەوە.
بۆیە داداكە بڕیاری دا بە رەتكرنەوەی داواكە، چونكە دوای دەركردنی بڕگەی یەكی مادەی 12ی یاسای ژمارە سێی ساڵی 2023ی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵەكانی دارایی 2023 و 2024 و 2025، ئەو بابەتە بایەخی نەماوە.