مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کەرکووک و شەهیدبوونی چوار گەنجی کورد لە شارەکەدا، ئەمەریکا هەڵوێستی خۆی نیشاندا و داوای کرد ناکۆکییەکان لە ڕێگەی وتووێژ چارەسەر بکرێن و ههروهها بە زووترین کات کار لە سەر کاراکردنەوەی ماددەی 140 ی دەستووری عێراق بکرێت.
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، دوێنێ سێشەممە 5 ی ئەیلوولی 2023، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا نیگەرانی وڵاتەکەی نیشاندا بەرامبەر بە ڕووداوەکانی کەرکووک و گووتی : “ئێمە بە وردی چاودێری گرژییەکانی کەرکووک دەکەین. سەرکۆنەی ئەو توندوتیژییە دەکەین کە ڕوویدا و سەرەخۆشی لە کەسوکاری کوژراوەکان دەکەین.”
هەروەها ئەوەشی گووت : “ئەمەریکا داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات کە هەر ناکۆکییەک هەبێت لە ڕێگەی وتووێژ و کاراکردنەوەی ماددەی 140 ی دەستووری عێراق چارەسەری بکەن.”
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بارەی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر بودجە ڕاگەیاند کە ئەمەریکا بە بەردەوامی لە پەیوەندیدایە لەگەڵ هاوبەشەکانی لە بەغدا و هەولێر.