موڕشید برادۆستی – سیدەکان:
لە قەزای سیدەکانی سەربەئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەبۆنەی بەرز ڕاگرتنی 35ـەمین ساڵیادی داستانی خواکوڕک چەند چالاکییەک بەڕێوەچوون .
موسا داود سەرۆکی ناوەندی ڕۆشنبیری و هزری داستانی خواکوڕک، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” ئەمڕۆ بە بۆنەی 35 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر داستانی پڕ لە شکۆی و قوربانیدان و خۆڕاگری گەلەکەمان ” داستانی خواکوڕک ” ناوەندەکەمان هەڵسا بە کردنەوەی پێشانگایەکی فۆتۆگرافی و نمایش کردنی وێنەی ئەوکاتی شۆڕش.
زیاتر گووتی:” داستانی خواکوڕک سومبوولی داستانەکانی پێشمەرگەیە کە توانیان لە ماوەی 46 ڕۆژدا یەکێک لە گەورەترین سوپاکانی جیهان کە سوپای ڕژێمی بەعس بوو تێکبشکێنن، بۆیە ئەمڕۆ بە ڕێزەوە ئەم یادە دەکەینەوە و ڕێز لە خانەوادەی پێشمەرگە قارەمانەکانی بەشدار لەو داستانە گیرا.
سەرۆکی ناوەندی ڕۆشنبیری و هزری داستانی خواکوڕک، گووتیشی:” لەو چالاکیەماندا ژمارەیەکی زۆری بەرپرسی حکوومی، حزبی، سەربازی و پێشمەرگە قارەمانەکانی بەشدار لە داستانی خواکوڕک ئامادەبوون، جیا لە کردنەوەی پێشانگای فۆتۆگرافی، سمینارێکیشمان لەسەر گرنگی داستانی خواکوڕک پێشکەش کرد .
لای خۆیەوە، ئەرشەد لۆڵانی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و بەشدار لە یادی داستانی خواکوڕک، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” داستانی خواکوڕک بۆ ئێمەی خەڵکی ئەو دەڤەرە شانازیە کە گەوەرترین داستانی مێژووی گەلەکەمان بە ڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی لە سنوورەکەمان ئەنجامدرا و توانرا دەستکەوتێکی گرنگ بەدەستبێنن و مێژوو تۆماربکەن.
ئەرشەد لۆڵانی، ئاشکراشی کرد:” عێراق ئەوکات بە سوپایەکی 15 لیوای پڕ لە چەک، هیێرشی کردە سەر خواکوڕک،حکوومەتی عێراق ئامانجی ئەوەبوو شۆڕشی کوردی لەناوببات، لەبەرامبەردا هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی توانیان بەرگری بکەن و بە چەک و ئیمکانیەتێکی کەم، بەڵام بە ئیڕادەیەکی بەرز توانیان ڕوبەڕووی ئەو سوپایەی عێراق ببنەوە و سەرکەوتنی مەزن بەدەست بێنن”.
لە 5 – 9ی ساڵی ١٩٨٨، سوپای ڕژێمی بەعس ھێرشێکی فراوانی کردە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە لە گەلی خواکوڕک لە سنووری قەزای سیدەکان، بەڵام ھێزەکانی پێشمەرگە بە سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی توانییان بۆ ماوەی زیاتر لە ٤٦ ڕۆژ بەرگری بکەن و، دواجار سوپای ڕژێم تووشی شکستێکی گەورەی گیانی و ماددی هاتن و پاشەکشێیان کرد.