زاری كرمانجی-سۆران
مامۆستایەكی زانكۆی سۆران دەڵێت: ” بەغدا بە هێمنی بەرەو ئامانجەكانی هەنگاو دەنێ، بۆ نەهێشتن و لاوازكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
د.هەژار رەحیمی، مامۆستای زانكۆی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: ” سەرەڕای هەموو ئەو ناتەواوییانەی كە لە ئەزموونی هەرێمدا هەبوون و هەن بوونەتە هۆی جۆرێك لە بێمتمانەیی نێوان جەماوەر و دەسەڵاتی خۆماڵی، بەڵام ئەوەی ئێستا لە هەڵسوكەوتی حكومەتی عێراقدا دەیبینم، سەرەڕای خۆبەدەستەوەدانی حكومەتی هەرێم (نزیك بە تەواو) بۆ خواست و ئارەزووەكانی حكومەتی ناوەندی، نا ئەخلاقیترین و فاشیستیترین و دزێوترین و پیسترین سیاسەت و رەفتارە”.
گووتیشی: ” حكوومەتی عێراق بە سودوەرگرتن لەو بێمتمانەیی یە، كارێكی وای كردووە، ئێستا زیاد لەوەی كە دەبێ رووی رەخنە و دژایەتیمان بەرەو ئەوان بێ، بەرەو خۆمانە. لە راستیدا ئێمە بەربووینەتە خۆمان، بە بێ ئەوەی سەیری دووژمنە سەرەكییەكە و هۆكارە سەرەكییەكە بكەین. ئەمە ئامانجی ئەوانە و زۆر باش دەزانن چی دەكەن. شەڕێك كە دەبوایە خۆیان لەگەڵ ئێمە بیكەن، بە خۆمانی دەكەن!!(ئەمە زۆر ئازاردەرە)”.
دەشڵێت: ” ئەوەی گرنگە هەمووان بیزانین، حكومەتی عێراق ئەگەر بۆی بلوێ، لە باشترین حاڵەتدا، رەنگە ئامادە و رازی بێ بە ژیانێكی نەمر نەژی بە بێ هیچ گەشەسەندنێكی ئابووری بۆ كوردستان؛ بۆیە ئەو كەسە دڵ پڕ لە قین و بوغزانە و ئەو داڵە گۆشتخۆرانەی كە لە چاوەڕوانی گیاندانی نێچیرەكەیاندان و چاویان لەوەیە لە كەوتن و لاوازبوونی ئەم حوكمەدا، نان و نەوایەك بەدەستبێنن و هەر لە ئێستەوە مژدەی دنیایەكی نموونەیی دەدەن پێمان، دەبێ بزانن خەیاڵەكەیان سەرابێك زیاتر نییە.