زاری كرمانجی- سۆران:
پزیشكێك دەڵێت” بالوكە، لە ئەنجامی تووشبوونی پێست بە جۆرە ڤایرۆسێك دروست دەبێت، هەروەها ڤایرۆسەكە لە ڕێگەی سەرجێیكردنی نادروستەوە دەگوازرێتەوە و بالوكە دروست دەكات.
د. ڕێباز هەمزە، پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ، لاوازی سێكسی و نەزۆكی پیاوان، بە زاری كرمانجی گوت: بالوكە، لە ئەنجامی ئەوە دروست دەبێت كە چینەكانی سەرەوەی پێست تووشی جۆرە ڤایرۆسێك دەبن و بە ڤایرۆسی (HPV)ناسراوە، ئەم ڤایرۆسە لە ڕێگەی سەرجێی نادروستەوە دەگوازرێتەوە و دەبێتە هۆی دروستبوونی بالوكە لە نزیك ناوچەكانی كۆئەندامی زاووزێی پیاو و ژئافرەت، ئەگەر چارەسەری تەواوی بۆ نەكرێت دەگۆڕێت بۆ خانەی شێرپەنجەیی بە ڕێژەیەكی كەم، هەروەها دەگوازرێتەوە بۆ كەسی بەرامبەر و ئەگەر ئافرەت بێت توشی شێرپەنجەی ملی منداڵدان دەبێ، هەندێكجاریش جۆرێكی تری ئەم بالوكانە دەبینرێن لە دەست و قاچی كەسەكاندا دەردەكەون.
ئەم پزیشكە، باس لە چۆنیەتی گواستنەوەی ڤایرۆسەكە دەكات و دەڵێت: ڕێگەی سەرەكی بەركەوتنی پێستی كەسە تووشبووەكەیە بە كەسێكی تر، ئەوەی كۆئەندامی زاوزێ لە ڕێگەی سەرجێی نادروست و هەروەها لە تەمەنێكی زوو دەستی پێدەكەن، نیشانەكانیشی درەنگ دەردەكەون واتە ئەگەر كەسێك بەركەوتنی پێستی هەبێت لەگەڵ كەسێكی هەڵگری ڤایرۆسی(HPV) ، ڕەنگە دوای چەند مانگ یان ساڵێك كەسی دووەم بالوكەكە بگرێتەوە واتە ڕاستەوخۆ هەستی پێناكرێت، بۆ چارەسەركردنیش بەكارهێنانی كرێم، سووتاندن بە كەوی یان لێزەر و لابردن بە نەشتەرگەری بچووك، بەڵام هەموو ئەمانە دەبێ لەلایەن پزیشكی شارەزا ئەنجامبدرێن.