د. ئازا – زاری كرمانجی:
م. سدقی محموود بەگ، سەرۆكی یانەی وەرزشی سۆران بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: لە ماوەی ڕابردوو كاری باشمان لەسەر زۆر بابەت كردووە لە یانەی وەرزشی سۆران بە مەبەستی باشتركردنیان و تا ڕادەیەكی زۆر تونیومانە ئامانجەكانمان بپێكین، هەرچەند ئەوە بەم مانایە نایەت كە هەموو شتێك پێرفێكت و تەواو بێت، بەڵام بەردەوام دەبین و لە خزمەتی لاوەكانی ئەو دەڤەرە و ناوەستین.
سدقی، گوتیشی: لەم ماوەیە سەرقاڵین بە ڕێكخستنەوەی تیپی تۆپی پێی یانەكەمان كە بەشدارە لە خولی نایابی كوردستان، جێگەی خۆشحاڵییە بەشێك لەو یاریزانانەی لە وەرزی ڕابردوو لە ڕیزی یانەكەمان بوون بۆ ئەم وەرزەش لەگەڵمان بەردەوام دەبن هەرچەند لەبەر ئاست بەرزی یاریزانەكانمان زۆربەیان دەستەوارەی گرانبەهایان لە لایەن یانەكانی تر پێشكەش كراوە بەڵام ئەو یاریزانانە لەبەر خۆشەویستیان بۆ یانە و جەماوەر بڕیاریان داوە هەر لە یانەكەیان بمێننەوە بەڕاستی هەڵوێستیان شایستەی ڕێزە، چەند یاریزانێكمان ڕۆیشتوون ئێمە سوپاسی ماندووبوونیان دەكەین، باسی لەوەش كرد كە نزیكن لە ڕێككەوتن لە گەڵ چەند یاریزانێك لە شارەكانی تری كوردستان بە مەبەستی هێنانیان بۆ جێگای ئەو یاریزانانەی كە لە یانەی سۆران نەماون، هەروەها چەند یاریزانێكمان دیاری كردوونە لە تیپە میللیەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كە دەمانەوێت دەرفەتیان پێ بدرێت دەست بكەن بە ڕاهێنان لە تیپی دووەمی یانەكەمان و یاری بكەن.
سەبارەت بە ستافی ڕاهێنەران، سەرۆكی یانەكە، دەڵێت: لە هەوڵ و پەیوەندیداین بۆ هێنانی ڕاهێنەرێكی ئاست بەرز و بە توانا لە دەرەوەی شاری سۆران و زۆربەی كارەكان تەواو بووە تەنها واژووی فەرمی هەردوولا ماوە و ئەمەش لە ماوەیەكی كورت ئەم ستافە نوێیە بۆ هاندەرانی وەرزشی یانەكەمان ڕادەگەێنین و ئەمەش بە دڵنیاییەوە دەبێتە جێگەی خۆشحاڵی یاریزانان و جەماوەری ئازیزی یانەكەمانە، بۆیە لەم وەرزە تیپێكی زۆر بەهێز دەبین و دەمانەوێت ڕكابەری لەسەر نازناوەكان بكەین.
سەرۆكی یانەی وەرزشی سۆران، تیشكی خستە سەر ئەوەی لە پلانی یانەكەیە كە جگە لە تیپی تۆپی پێ ی پێشكەوتووان تیپێكی تر پێكبهێنن لە هەمان یاری لە پێناو دروستكردنی یاریزانی زیاتر و لە ساڵانی داهاتوو یانەكە بتوانێت زیاتر پشت بە یاریزانی ناوخۆی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ببەستێت و یاریزانی لاو بێنێتە ڕیزەكانی تیپەكەی.
لە كۆتاییدا سەرۆكی یانەكە، سوپاسی هاوكاری و پشتگیری بەردەوامی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و گشت جەماوەر و هاندەرانی یانەی وەرزشی سۆران و هەموو ئەو برادەرانەی كرد كە وەك سەربازی ون لە پشت سەركەوتنەكانی یانەی سۆرانن.