زاری كرمانجی- سۆران:
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە پرسەکانی مووچە و بودجە رایگەیاند، حکومەتی عێراق سیاسەتی برسیکردن دژی خەڵکی هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکات.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێم راشیگەیاند، ئەمەی ئێمە لە حکومەتی عێراقی دەیبینین لە حکومەتی عێراق سیاسەتی برسیکردنە و تێکەڵکردنی مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ پرسە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی مووچە و بودجە خستەڕوو.
پێشەوا هەورامانی لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەدا باسی لەوەکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکەم دانووستانیەوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوام هەوڵیداوە حکومەتی عێراقی پابەند بێت بەو رێککەوتنانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردوویەتی، گوتیشی: ئەوەی پابەند نەبووە بە رێککەوتنەکان، حکومەتی عێراقییە.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، دوای ئەو هەموو گفتوگۆیانە، حکومەتی عێراق بڕیاری داوە 500 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەمەش لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان پێویستی بە 940 ملیار دینارە و ئەوەی حکومەتی عێراق دەینێرێت بەشی دابەشکردنی مووچە ناکات.