زاری کرمانجی – سۆران :
ئهمرۆ 4 ى ئهيلوول ى 2023، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، کەوا حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوای شەهیدبوونی چوار هاووڵاتیی کورد لە خۆپیشاندانەکانی ٢ ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، بڕیاری دا مامەڵەی شەهیدانە لەگەڵ کەسوکاری شەهیدەکان بکات و بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی ڕاسپارد.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: “مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانی بە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، مامەڵەی شەهیدانە بۆ شەهیدانی ڕووداوەکانی ٢ ی ئەیلوولی کەرکووک بکەن و هەموو هاوکارییەکی تەندروستی و چارەسەریش بۆ بریندارەکان فەراهەم بکرێت.”
ڕۆژی ٢ ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، لە گەڕەکی ڕەحیماوەی کەرکووک، هاووڵاتییان لە دژی داخستنی ڕێگەی کەرکووک – هەولێر، بە ئاڵای کوردستانەوە دەستیان بە خۆپیشاندانی هێمنانە کرد، بەڵام خۆپیشاندان گرژی تێ کەوت و چوار هاووڵاتیی کورد بە گوللە شەهید کران و دەیان خۆپیشاندەری کوردیش بریندار کران.