مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
بە پێ پێشبینییەکانی شارەزایەکی بواری کەشناسی، ساڵێکی پڕ دابارین و سەخت بەڕێوەیە و لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.
شاڵاو هیدایەت شارەزای بواری کەشناسی لە ڕاگەیاندراوێکدا پێشبینییەکانی بۆ وەرزی دابارینی 2023 – 2024 ئاشکرا دەکات و دەڵێ : “لەم مانگەدا وەرزی دابارینی داهاتوو دەست پێ دەکات و مانگی (تشرینی یەکەم/10)ش بارانی سەرتاسەری دەبێت هەر لە زاخۆوە تا خانەقین و بەدرە، بارانی پەڵەش بە زۆری دەکەوێتە مانگی (تشرینی یەکەم/10)ەوە وەرزی دابارینی داهاتوو پێش دەکەوێت لە هەموو ناوچەکان بە گەرمیانیشەوە، باران زۆر لە سەرووی نۆرماڵ دەبێت، زووتر لە پاییزەکانی پێشتر پەڵە دەدات بۆیە وەرزی دابارینی 2023-2024 ساڵێکی پڕ دابارین و سەخت دەبێت”.
شاڵاو ئاشکراشی دەکات : “لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر بارین بەڕێژەی زۆر لەسەرووی ئاستی ئاسایییەکانەوە دەبێت، لە بەشێک ناوچەش ئەگەری زۆرە لەدوای زستانی 2012ەوە زۆرترین بەفر ببارێت.”
شارەزاکەی بواری کەشناسی، هۆشداری لە زۆربوونی لافاو و مەترسییەکانی دەکات و دەڵێ : “ئەگەری لافاو زۆر دەبێت لە هەموو ناوچەکان و تایبەت ئەو شوێنانەی نزمن و مەترسی لافاویان لەسەرە، هەروەها لە وەرزی سەرمادا دابارینەکان بەگشتی لە شێوەی نزمە پەستاندا دەبن و دێمی و لەسەرخۆ دەبن تایبەت وەرزی زستاندا، بەڵام لە پاییز و بەهاردا بە زۆری بارانەکان بەخوڕ دەبن و بارانی مەداریش زۆر دەبن تەرزە زۆر لەسەرووی ئاستی ئاسایییەکان دەبێت و مەترسی تەرزەی قەبارە گەورەش هەیە”.