پشتیوان كەریم- زاری كرمانجی:
ئەگەرچی وابڕیاربوو سەرەتای مانگی داهاتوو نەوتی سپی ماڵان دابەش بكرێت، بەڵام هەروەكو بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژەی بۆ دەكات تا ئێستا دیار نییە چ كاتێك نەوت دابەشی سەر هاووڵاتیانی ئیدارەی سۆران دەكرێت و دەڵێ: ” سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە سەرهێڵە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی یەكەمجار لە ئیدارەی سۆران دەست بە دابەشكردنی نەوت بكرێت”.
دەنگۆی ئەوە هەیە كە بۆ هەر بەرمیلێك نەوتی سپی ماڵان بڕی 90 هەزار لە هاووڵاتیان وەردەگێرێت، هەژار حەكیم بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەمبارەیەوە وتی :” تا ئێستا نە كاتی هاتن و دابەشكردنی، نە نرخەكەشی دیار نەكراوە و ئاگادار نین نرخى بەرمیلی چەندە”.
هاوكات، بەپێی بەدواداچوونەكانی زاری كرمانجی، لە ئێستادا نرخی نەوتی سپی ماڵان لە بازاڕی نەوت فرۆشان لە سەنتەری قەزای ناوەندی ئیدارەی سۆران بۆ هەر بەرمیلێك نەوت بە 285 هەزار دینار دەفرۆشرێت و نرخی یەك لیتری نەوتیش بە بڕی 1275 دینار دەفرۆشرێت.