زاری كرمانجی- سۆران:
ئەندامێكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، دەڵێت: كابینەی نۆیەم هەمیشە هەوڵی داوە لە چوارچێوەی دەستوور كێشە و گرفتەكان چارەسەر بكات و ماف و شایستە داراییەكانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دابین بكات. دەشڵێ: عێراق پاشگەزبووەتەوە لە بنەماكانی دیموكراسی و فیدراڵیزم و بەرەو تاكڕەوی هەنگاو دەنێت.
خەدیجە عومەر، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” دوای ساڵی 2003 و ڕووخانی ڕژێمی بەعس، گەلی كورد ڕۆڵێكی گرنگی هەبووە لە داڕشتنی سیاسەت و نووسینەوەی دەستووری عێراق، چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسی و فیدراڵی، بەو هیوایەی كۆتایی بە چەوسانەوە و ستەم بهێنن كە بە درێژایی مێژوو حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق ڕووبەڕوویان دەبووەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی كابینەی نۆیەم هەمیشە هەوڵی جددی داوە لە چوارچێوەی دەستوور كێشە و گرفتەكان چارەسەر بكات و ماف و شایستە داراییەكانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دابین بكات، هەروەها بە كرداریش هەنگاوی ناوە و بەردەوام سەرۆكوەزیران و شاندی حكوومەت سەردانی بەغدایان كردووە، بەڵام هەندێك لایەنی سیاسی بەهۆی هزری شۆڤینی تا ئێستا باوەڕیان بە دیموكراسی نییە و نییەتی چارەسەریان نییە، لە ئێستادا عێراق پاشگەزبووەتەوە لە بنەماكانی دیموكراسی و فیدراڵیزم، بەرەو تاكڕەوی هەنگاو دەنێت.
ئەو ئەندامەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، گوتیشی: حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو پابەندییەكانی خۆی لە یاسای بوودجە جێبەجێ كردووە، بەڵام حكوومەتی عێراق بیانوو دەهێنێتەوە و مەبەستی نییە یاسای بوودجە و ئەو ڕێككەوتنانە جێبەجێ بكات، ئەمەش بەهۆی پاشەكشە و ناوەندگرایی عێراقە و هەوڵدانە بۆ لاواز كردن و لە قالبدانی هەرێمی كوردستانە، بێگومان ئەمەش لەلایەن حكوومەتی هەرێم قابیلی قبوول نییە و سەرۆكی حكوومەت لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی كوردستان بگەنە ماف و شایستە داراییەكانی خۆیان و لە چوارچێوەی دەستوور كێشەكان چارەسەر بكات.