زاری کرمانجی – سۆران :
دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی مانگی ڕابردوو زیاتر لە 250 هاووڵاتییان بە بیانووی جۆراوجۆر دەستگیرکردووە کە زۆرینەیان کوردن.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئابی 2023 ، 264 هاووڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا دەستبەسەر کراون.
بەراورد بە مانگەکانی ڕابردوو، گرتن و دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان زیاتر بووە لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە و چاودێرانی سیاسی و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی گیراوان بۆ نزیکبوونەوەی ساڵیادی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی دەگەڕێننەوە و پێیان وایە کۆماری ئیسلامی ئێران ترسی زۆری لەو ڕۆژە هەیە.
بەپێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ماوەی مانگی ئاب، لانی کەم ١١٦ هاووڵاتیی کورد، ٢٢ هاووڵاتیی بەلووچ، هەروەها ٣٦ ژن، ١١ منداڵ و ١٧ هاووڵاتی بەهایی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتەوە دەستبەسەر کراون یان ڕفێنراون.
لەو ڕێژەیەشدا هەر وەکوو لە ئامارەکە دیارکراوە، زیاتر لە ٤٤٪ی دەستبەسەرکراوان لە هەموو ئێراندا هاووڵاتیی کورد بوون، کە پێکهاتوون لە قوتابی و ڕۆژنامەنووس و هونەرمەند و ئەکتەر و چالاکوانانی مەدەنی و کچان و منداڵان.