زاری کرمانجی – سۆران :
شەوی ڕابردوو لە کەرکووک چی ڕوویدا ؟
دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری دا سەرجەم ئەو بارەگا و خانووانەی پێشتر هی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون و دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 ئەوانی تێدا نەماون. بگەڕێنرێنەوە بۆ پارتی.
بەشێک لە عەرەبەکانی شارەکە دژ بەو بڕیارە، ماوەی هەفتەیەک بوو، ڕێگەی سەرەکی کەرکووک – هەولێریان داخستووە و لەسەر ڕێگەکە چادریان هەڵدا، ڕێگەی هاتووچۆ و بازرگانی نێوان ئەو دوو شارەیان پەک خستبوو، لەبەرامبەر ئەوەشدا هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو. بۆیە کۆمەڵێک گەنجی کورد وەک خاوەنداریەتیی کردن لە شارەکەیان و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی خۆسەپاندنی عەرەبی هاوردە لەسەر شارەکەیان، خۆپیشاندانێکی هێمنانەیان ڕێکخست، بەڵام بەشێک لە دەزگا ئەمنییەکانی کەرکووک و حەشدی شەعبی دەرکەوتنی گەنجانی کوردیان لە سەر شەقامەکان پێ هەزم نەکرا، بە چەک و ئەنجامدانی توندوتیژی وەڵامی خۆپیشاندەرانی کوردیان دایەوە و لە ئەنجامدا چوار گەنجی کورد شەهید بوون و 15 ی تریش بریندار بوون.
ڕاپەڕینی گەڕانەوەی شکۆ بۆ کەرکووک
کەرکووکییەکان ڕووداوی شەوی ڕابردوو بە ڕاپەڕینی گەڕانەوەی شکۆ دەزانن بۆ شارەکەیان، بەتایبەت ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی دوای خیانەتی 16 ى ئۆکتۆبەر بەسەر کەرکووک و خەڵکی ڕەسەنی شارەکەدا هات، بۆیە ئەوان پێیان وایە بە گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەکەیان هاوکێشەکان بە تەواوی پێچەوانە دەبێتەوە و شکۆ و کوردبوون و ئاڵای کوردستان دەگەڕێتەوە باوەشی شارەکە.
گەنجێک قسە بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکات و دەڵێ :ئیدی ئێمە ماندوو بووین بە دەست جەللادەکانی حەشدی شەعبی لەوە زیاتر ناتوانین قبووڵی بکەین کە ڕۆژانە بە بەرچاوی هەموومانەوە سووکایەتی بە کوردبوون و ناسنامە و ڕەمزەکانم بکرێت، کات کاتی گەڕانەوەی شکۆیە بۆ کەرکووک و کەرکووکییە ڕەسەنەکان .
یەکێکی تر لە گەنجەکان دەڵێ : هیچ ئازادییەک بە بێ قوربانی دان دروست نابێت، ئەگەر ئێمەی گەنج ئەو قوربانییە نەدەین، کەرکووکمان بۆ هەتایە لە دەست دەچێت.
ئێستا بارودۆخی کەرکووک چۆنە ؟
پۆلیسی کەرکووک لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕاگەیاند کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڕێگەی کەرکووک – هەولێر بە فەرمی کراوەتەوە و هەموو بەربەستەکانی داخستنی ڕێگەکە لابراون و تەواوی خێمەی خۆپێشاندەرانی چەند ڕۆژی ڕابردووی عەرەبەکانی کەرکووک لابراوە و دۆخی ئەو شەقامە ئاسایی بووەتەوە.
لە بارەی ڕاپەڕینەکەوە سەرکردەکان چیان گوت :
سەرۆک بارزانی :
ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەکانمان لە کەرکووک باجی قورسی دەبێت .
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان :
لە کاتێکدا بە نیگەرانییەکی زۆرەوە لەو گرژییە ئەمنییانە دەڕوانین و بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەین. بە توندی سەرکۆنەی تەقەکردن و دەستڕێژیی چەک بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی سڤیل دەکەین. نانەوەی ئاڵۆزی و پشێویی ئەمنی لە کەرکووک، هەڕەشەی جددی لە پێکەوەژیان و ئاسایش و سەقامگیری دەکات.
مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان :
بە توندی سەرکۆنەی ئاژاوەکانی دژ بە دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە کەرکووک دەکەین. سەرکۆنەی شەهیدکردن و بریندارکردنی هاونیشتمانییانی کورد دەکەین کە لە لایەن شۆڤینیەکانەوە هێرشیان کراوەتە سەر.
.محەممەد حاجی مەحموود :
ئەو سوکایەتییەی لە کەرکووک بە پەیکەری پێشمەرگە کرا، هەر کەس و لایەنێک بێت، دەبێت باجەکەی بدات .
دهقى پهيامهكان
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی :
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لەبارەی بارودۆخی کەرکووکەوە ماوەی چەند ڕۆژێکە کۆمەڵێک ڕێگر و گێرەشێوێن بە بیانووی ڕێگریکردن لە کردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری کەرکووک، ڕێگەی هەولێر و کەرکووکیان گرتووە و ڕێگە نادەن هاووڵاتیان ژیان و هاتووچۆی ئاسایی خۆیان بکەن و دۆخێکی زۆر نالەبار و پڕمەترسیان بۆ خەڵکی کەرکووک دروست کردووە.
ئێمە هەمیشە ئەوەمان دووپات کردووەتەوە کە کەرکووک دەبێ نموونەی پێکەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان پێکهاتەکانی ئەو شارە بێت بەڵام ئەو ڕەفتارە نابەجێ و نایاساییانە، هەوڵدانە بۆ نانەوەی فیتنە و تێکدانی پێکەوەژیان. جێگەی سەرسوڕمانی زۆریشە کە لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هێزە ئەمنیەکان و پۆلیسی کەرکووک بە هیچ شێوەیەک ڕێگریان لەو گێرەشێوێنی و ڕەفتارە نایاساییەی ڕێگرەکان نەکردووە، کەچی ئەمڕۆ لەبەرانبەر گەنجان و خۆپێشاندەرانی کوردی کەرکووک زەبروزەنگ و توندوتیژی بەکار هاتووە و خوێنی گەنجی کورد ڕژاوە. ئەم جۆرە ڕەفتارە بە هیچ شێوەیەک قابیلی قبووڵ نیە و ئەنجامی زۆر خراپی لێ دەکەوێتەوە و، ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەکانمان لە کەرکووک باجی قورسی دەبێت.
لێرەدا داوا لە بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دەکەم کە سنوورێک بۆ ئەو ڕێگر و گێرەشێوێنانە دابنێن و کۆتایی بەو ستەم و جیاکاری و ڕێگرییە بهێندرێت کە ڕاستەوخۆ پێکەوەژیان و سەقامگیریی کەرکووک و ناوچەکانی تر دەکاتە ئامانج.
مسعود بارزانی
2ی ئەیلوولی 2023
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
گرتنی ڕێگەی سەرەکیی هەولێر – کەرکووک لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا کارێکی نایاسایی بوو، بەداخەوە ئەو کارە نایاساییە تا ئێستا لەلایەن ئیدارەی کەرکووکەوە لانەدراوە! کەرکووک پێویستی بە جێبەجێکردنی یاسا و دەستوورە و بە هیچ شێوەیەک پێویستی بە کاری زیاتری نایاسایی نییە!
دوای ئەوەی ئیدارەی شارەکە بە هیچ شێوەیەک کۆتایی بەو کارە نەهێنا کە کاریگەری کردووەتە سەر ژیانی دانیشتووانی شارەکە بەگشتی، هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک ئەمڕۆ ناڕەزایییان بەرامبەر ڕێگەبڕین نیشاندا، کەچی جێگەی داخە بە توندوتیژی وەڵام درانەوە و گەنجێک شەهید بووە و چەندانی دیکەش بریندارن.
لە کاتێکدا بە نیگەرانییەکی زۆرەوە لەو گرژییە ئەمنییانە دەڕوانین و بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەین. بە توندی سەرکۆنەی تەقەکردن و دەستڕێژیی چەک بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی سڤیل دەکەین. نانەوەی ئاڵۆزی و پشێویی ئەمنی لە کەرکووک، هەڕەشەی جددی لە پێکەوەژیان و ئاسایش و سەقامگیری دەکات.
لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵی دەبێ ڕێکاری خێرای پێویست بگرنە بەر و ئەرکی هێزە ئەمنییەکانە بێ جیاوازی پارێزگاری لە ئاسایشی هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک بکەن و تەقەکەران ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.
بەرپرسیاریەتیی هەموو لایەکە ئارامی و سەقامگیریی ئەمنی بپارێزن و ڕێگە نەدەن بە هیچ پاساوێک دۆخی ئەمنی لە کەرکووک و سنووری پارێزگاکە ئاڵۆز ببێت. هەموو لایەک دان بە خۆیاندا بگرن، ڕێگەکان بکرێنەوە و ئارامی و ژیانی ئاسایی بۆ هاووڵاتییانی کەرکووک بگەڕێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2023/9/2
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:
بە توندی سەرکۆنەی ئاژاوەکانی دژ بە دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە کەرکووک دەکەین. سەرکۆنەی شەهیدکردن و بریندارکردنی هاونیشتمانیانی کورد دەکەین کە لە لایەن شۆڤینیەکانەوە هێرشیان کراوەتە سەر.
داوا لە بەڕێز سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ دەکەم بە پەلە کۆنترۆڵی ئەم بارودۆخە نەخوازراوە بکات و سەر و ماڵی هاونیشتمانیان و خۆپێشاندەران بپارێزن و چیتر ڕێگە بە کەسانی نابەرپرس نەدات بارودۆخەکە ئاڵۆزتر بکەن.
لە هەمانکاتدا داوا لە هاووڵاتییە کوردە ستەملێکراوەکانیشمان لە کەرکووک دەکەم، دان بە خۆیاندا بگرن و خۆیان لە کاردانەوەی توند بەدوور بگرن. داوا لە هاونیشتمانیانی عەرەبی ڕەسەن و تورکمانەکانی خەڵکی کەرکووکیش دەکەم، ڕێگە بە خەڵکێکی نامۆ بە شارەکە نەدەن ئاشتی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان تێک بدەن.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2023/9/2