سەردار قازی ـ زاری کرمانجی:
یانەی رواندز بەمەبەستی تۆکمەکردنی ریزەکانی یانەکە، چوار گرێبەستی نوێی ئەنجامدا، هێرشبەرێک، گۆڵپارێزێک و دوو بەرگریکار درێسی یانەکەیان بەرزکردەوە.
عەلی محەممەد، کاپتنی یانەکە و ئەو یاریزانەی ساڵانێکی زۆرە سەرکردایەتی هێڵی بەرگری یانەکە دەکات گرێبەستەکەی نوێکردەوە و بۆ وەرزی نوێ لەنێو پێکهاتەی یانەکە دەبێت بۆ خولی یانە پلە یەکەکان.
هاوکات لەپێگەی فەرمی یانەکە بڵاوبوەتەوە، کە گرێبەستیان لەگەڵ بەرگریکاری پێشووی یانەی خەبات، بێوار عەبدوڵڵا ئەنجامداوە و ناوبراو هێز بەهێڵی بەرگری تیمەکە نیهاد موارد دەدات.
سێیەم گرێبەستی رواندز، پارێزگاریکردن ـە لەئەحمەد کەوکەز، ئەو هێرشبەرەی وەرزی رابردوو لەساتە سەختەکان دەردەکەوت و گۆڵی یەکلایکەرەوەی تۆمارەکرد بۆ وەرزێکی دیکە لەریزی کوڕانی پایتەختی میرنشینی سۆران بەردەوام دەبێت.
گرێبەستی چوارەم هێنانی گۆڵپارێز سلێمان سەلام ـی گۆڵپارێزی پێشووی یانەکانی هەڵۆ و سنوور بوو. سلێمان دوو وەرز لەمەوبەر پارێزگاری لەگۆڵی رواندزییەکان کردووە و ئاستێکی نایابی پێشکەش کرد.