ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو : لە ماوەی 18 ڕۆژی مانگی ڕابردوو، 13 حاڵەتی خۆکوشتنی منداڵان تۆمارکراوە
مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
بەرزبوونەوەی ئامارەکانی خۆکوشتنی منداڵان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی منداڵی نیگەران کردووە و باس لەوە دەکەن لە ئێستادا خۆکوشتنی منداڵان بووەتە دیاردە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی خۆی بڵاوی کردەوە : “لە ماوەی 14 تا 31ی ئابی 2023، واتە تهنيا لە ماوەی 18 ڕۆژ لانی کەم 13 حاڵەتی خۆکوشتنی منداڵان و مێردمنداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵ لە شارەکانی داڵاهۆ، کامێران، شنۆ، سەردەشت، دیواندەرە، ورمێیە، ڕوانسەر، بۆکان و سەلاسی باوەجانی تۆمار کراون.”
لە ئاماری ڕێکخراوی ناوبراو هاتووە کە دوو لە بچووکترین قوربانییەکان دوو کچی تەمەن 12 ساڵانی خەڵکی شارەکانی دیواندەرە و سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن کە بەهۆی ناکۆکیی بنەماڵەیی و تێکچوونی باری دەروونییەوە هەوڵی خۆکوشتنیان داوە و کۆتایییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
هۆکارەکانی پاڵ خۆکوشتنی منداڵان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەر وەکوو ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هێمای بۆ کردووە، ناکۆکی نێوان بنەماڵەکان و هاوسەرگیری و کەمدەرامەتی و تێکچوونی باری دەروونی یە.