مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
نازیلا مەعرووفیان کچە ڕۆژنامەوانی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جارێکی تر لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکرا.
لە ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەبارەی دەستبەسەرکردنی نازیلا وە هاتووە : “هەفتەی ڕابردوو جارێکی تر هێزە ئەمنییەکان لە تاران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم ڕۆژنامەوانە و دوای شکاندنی دەرگای ماڵەکە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردووە.”
نازیلا مەعرووفیان، ڕۆژنامەوانی خەڵکی سەقز و دانیشتووی تاران، بۆ چوارەم جار لە دوای دەستپێکردنی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا ئەمینی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر دەکرێت.
کەسە نزیکەکانی کچە ڕۆژنامەنووسی کورد نازیلا مەعرووفیان ئاشکرای دەکەن چەند ڕۆژێک بەر لە دەستگیرکردنی لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە ڕێی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە، بە بیانووی بەردەوامبوون لە چالاکییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەڕەشەی دەستبەسەرکردنی لێ کراوە.
نازیلا دواین جار کە دەستگیرکرا، 24 کاتژمێر دوای ئازادبوونی لە زیندان بوو، بە هۆی بڵاوکردنەوەی وێنەی بەبێ لەچکی زۆرەملێ و بەرزکردنەوەی دەستی وەک هێمای سەرکەوتن.
جارێکی تری دەستگیرکردنەوەی نازیلا مەعرووفیان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێران، هەر وەکوو لە ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هاتووە، بە بیانووی بەردەوامی دان بە چالاکییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پاڵپشتی کردنی لە شۆڕشی ژینا ئەمینی بووە.
جێگەی باسە یەکەمین دەستگیرکردنی ئەو کچە ڕۆژنامەنووسەی کورد، بە هۆی چاوپێکەوتنێک بوو کە لەگەڵ باوکی ژینا ئەمینیدا لە سایتی «مستقل آنلاین» بڵاوکرایەوە لە (٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٢) .