ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی: 250 هەزار کەس لەو جێگایانەی هێزەکانی حەشدی شەعبی تێیدا بڵاوبوونەتەوە شوێن بزرکراون
مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی ئامارێکی مەترسیدار لە بارەی عێراقەوە ئاشکرا دەکات و بە وڵاتی ڕفاندن و شوێنبزرکردنی هاووڵاتییان ناوی دەبات، ڕاشدەگەیەنێت لە ئێستادا بنەماڵەی بێسەروشوێنەکانی چوار وڵات کا لەسەر دروستکردنی هاوپەیمانەتی دەکەن بۆ هەڵبڕینی دەنگیان و بەدەستهێنانی مافەکانیان.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی، عێراق بە یەکێک لەو وڵاتانەی کە زۆرترین ژمارەی کەسانی شوێنبزربووی لە جیهاندا هەیە هەژمار دەکات و جەخت لە ئاشکراکردنی چارەنووسی کەسانی شوێن بزر بوو و بە زۆر ڕفێنراوەکانیش دەکاتەوە.
ئایە مەجزوب جێگری بەڕێوەبەری هەرێمیی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی، لە چوارچێوەی چالاکییەکی ڕێکخراوەکە لە بەیرووت، کە بەشێک لە بنەماڵەی کەسانی بێسەروشوێن لە (عێراق و سووریا و یەمەن و لوبنان) پشکدارییان کردبوو ڕاگەیاند : “ئەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە زۆرترین ژمارەی کەسانی شوێنبزربوو و بە زۆر ڕفێنراویان هەیە، ئەو وڵاتانەن کە لەلایەن ئێرانەوە بەڕێوە دەبرێن و حکومەتی وڵاتەکانیشیان شکستیان هێناوە لە گەرەنتی کردنی مافی ئەو خێزانانە.”
مەجزوب هێما بۆ ئەوەش دەکات کە بنەماڵەی بێسەروشوێنەکانی ئەو چوار وڵاتە، دەستپێشخەرییان کردووە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتییەک بۆ هەڵبڕینی دەنگیان و بەدەستهێنانی مافەکانیان و ئاشکراکردنی چارەنووسی کەسە ڕفێنراوەکانیان.
جێگری بەڕێوەبەری هەرێمیی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی ئاشکراشی دەکات زۆرترین ئەو کەسانەی ڕفێنراو و شوێن بزرکراون لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی بووە و دەڵێت : “ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی مەزەندەی کردووە لە ساڵی 2003 وە زیاتر لە 250 هەزار کەس لە عێراق شوێن بزر کرابن، بەتایبەت لەو جێگایانەی هێزەکانی حەشدی شەعبی تێیدا بڵاوبوونەتەوە.”