ئیسماعیل ئیبراهیم
ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، كە بە پێی یاسای بودجە دیاری كراوە، نەخێر حكومەتی ناوەندی بە هەرێمی كوردستانی بكات، نە پیاوەتیشە، ئەوە مافی دەستووری هەرێمی كوردستانە.
بۆیە ناكرێت چیتر شاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان منەتی عێراق هەڵبگرن، بەڵكو پێویستە قسەی جددی و هەڵوێستی تووند و شیاو بگرنەبەر.
حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت هەموو ئەو كێشە و كۆسپانەی بۆیان درووست دەكرێت و ئەو زوڵمەی لە ئاستی هاووڵاتییانی كوردستان بە مەبەستی پیادە كردنی سیاسەتی برسیكردنی خەڵك و لاواز كردنی كیانی سیاسی لەلایەن هەڵگرانی هزری تووندڕەویی شۆفێنزمی عەرەبی عێراقی پیادە دەكرێت، بینێرنە نوێنەرایەتی كونسوڵگەری و نوێنەرایەتی وڵاتان كە لە كوردستان و عێراق هەن، لە پاڵ ئەوەشەوە سەركردایەتی سیاسی كورد هەموو ئەو كارتە سیاسییانەی لەبەر دەستن بەكاری بێنن.
كابینەی ئێستای حكومەتی سودانی، بە پاڵپشتی كورد و سووننە و هەندێك لە شیعەكان هاتە كایەوە، كورد دەتوانێت بە هەڕەشەی كشانەوە لە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق پایەكانی ئەم كابینەیە و ئاسایشی عێراق بشێوێنێت، بەتایبەتی كە ئێستا ژمارەیەكی زۆری سوونەكان و شیعەكانیش لە سیاسەتی كابینەی سودانی رازی نین.
كورد دەبێ هەڵوێستێكی وا توند بنوێنێت، كە ئەو جارە شاندی حكومەتی عێراق بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانیان روو لە هەرێمی كوردستان بكەن، ئەو كاتیش پێویستە هەرێمی كوردستان بە سارد و سڕی و بێ منەتی پێشوازیان لێ بكات، لەبەر ئەوەی دۆخی ناوچەكە هەرگیز بەرگەی دروستبوونی شەرێكی دیكە ناگرێت و لایەنە سیاسییەكانی عێراق ناچار دەبن، مافە رەواكانی هەرێمی كوردستان لە چواچێوەی یاسای بودجە جێبەجێ بكەن.
ئەوەی تا ئێستا كراوە، شاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو ئەو ئەركانەی لەسەریان بووە جێبەجێیان كردووە، ئەوی دیكە حكومەتی عێراقییە كە بیانو بە كورد دەگرێت و ئەو بیانووانەش ئەگەر وا بەردەوام بێت، هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی لاواز دەبێت، ئەمەش پەڵ دەكێشێت بۆ نەمانی ئەم كیانە، بۆیە كورد گووتەنی ( شەڕ و نیوە شەڕ یەكە) مادام وایە، كاتی بڕیارە چارەنووسسازەكە هاتووە، ئەوان یەك هانگاو هاتنە پێش حكومتی هەرێمیش هەنگاوێك بچێتە پێش نەهاتنە پێش نەچێتە پێش.
حكومەتی ناوەندی یاسایی بودجە جێبەجێ ناكات، پەیامەكە روونە، واتە دەبێ كورد خۆی بۆ چەندین شەڕی ستراتیژی ئامادە بكات، كە بریتین لە جەنگی ئابووری، ئیرادە، ئەگەر پێویستیشی كرد شەڕی مەیدانی.