شەهلا رەشید- زاری كرمانجی:
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان، ڕایگەیاند:” لەماوەی پێنج ساڵدا، شەش گەشتیار كەوتونەتە ژێر تونێلە بەفرینەكان، سەرەڕای ئەوەی ساڵانە ڕێنمایی دەدەین بەڵام ئەم حاڵەتانە هەر ڕوودەدەن.
هەڵگورد محەمەد ناوەندی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” شەوی ڕابردوو گەشتیارێكی عەرەب بەناوی (فەواز ناتق سوبحی) تەمەن 31 ساڵ كە خەڵكی موسڵە، بۆ گەشتكردن و بەسەربردنی كاتێكی خۆش ڕووی لە دەڤەری باڵەكایەتی كردووە، دواتر چووبووە نێو تونێلە بەفرینەكان، بەهۆی داڕمانی بەفر بە سەختی زامدار بوو .
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان، دەڵێت:” سەرەڕای ئەوەی ڕێنمایی بڵاو دەكەینەوە بۆ خۆپاراستن لەو تونێلە بەفریانە و بەسەر نەكەون چونكە سەرەتایی مانگی حەوت وەرزی توانەوەیانە و زۆر مەترسیدارە، بەڵام ئەم حاڵەتانە ڕوودەدەن.
ئاشكراشی كرد” لە ماوەی 5 ساڵدا ئەمە شەشەم حاڵەتە ڕوودەدات لەوانەش چوار كەس گیانیان لەدەستداوە و دوو كەسیش بە سەختی برینداربوونە، گەشتیارەكەی شەوی ڕابردووش لەلایەن هاووڵاتییانی ناوچەكە و گەشتیاران گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی چۆمان، بەهۆی سەختی برینداربوونی كە قاچێكی شكاوە و دەموچاویشی برینداربووە ڕەوانەی نەخۆشخانەی ڕۆژئاوای هەولێر كرا.