زاری كرمانجی – سۆران:
پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس سەرۆكی زانكۆی سۆران، پەیامێكی بەبۆنەی دەستپێكردنی خوێندن بڵاو كردەوە و پیرۆزبای لە قوتابییان، مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆیەكەی دەكات و ئەمە دەقەكەیەتی:
پەیامی بەڕێز سەرۆكی زانكۆی سۆران بە بۆنەی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤
بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
قوتابیان، مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆشەویستی زانكۆی سۆران،
بە بۆنەی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤، جوانترین و گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەكەم. هیوادارم بە باشی سوودتان لە پشووی هاوین بینی بێت و ئێستاش بە گوڕ و تینەوە ئامادەی گەڕانەوە بن بۆ دەستپێكی ساڵێكی دیكەی خوێندن.
بەڕێزان، وەك ئاگادارن ڕۆژی ٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، یەكەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندنە؛ سەرۆكایەتیی زانكۆی سۆران و سەرجەم فاكەڵتی و سەنتەر و بەشە زانستییەكان ئامادەكاریی تەواویان بۆ گەڕانەوەی قوتابیان و مامۆستایان بۆ ناو هۆڵەكانی خوێندن و دەستكردن بە ساڵێكی ئەكادیمیی نوێ كردووە. ئەمساڵی خوێندن، بە كوالیتییەكی باشتر و جیدییەتێكی زیاتر و بە كۆمەڵێك دەستكەوتی نوێوە، درێژەپێدەری ساڵانی ڕابردوو دەبێت و پشت بە خودا ساڵێكی پڕبەرهەممان لە پێش دەبێت.
لە ماوەی ڕابردوودا و بۆ خزمەتی زیاتری قوتابیان توانراوە هەنگاوی گەورە لە بواری بە ئەلكترۆنیكرنی زانكۆ بنرێت. لەم چوارچێوەیەشدا، سیستەمی زانیاریی قوتابیان (SIS) كەوتووەتە كار. بە هۆی ئەم سیستەمەوە داتاكانی پەیوەست بە قوتابیان لە نمرە و وانە وەرگیراوەكان و ئامادەبوون بە شێوەیەكی ئەلكترۆنیی و زۆر بە وردی و شەفافی تۆمار دەكرێت. هەر لە ڕێگەی بەهێزتركردنی ژێرخانی ئەلكترۆنیی زانكۆ، ڕۆتینی كاری ئیداریی مامۆستایان و فەرمانبەرانیش كەمتر دەبێتەوە. جێی ئاماژە پێدانیشە كە ئەم سیستەمە ئەلكترۆنییانە بە توانای ستافی زانكۆی سۆران و بێ پشتبەستن بە توانای دەرەكی بونیات نراوە و ئەمەش دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ زانكۆمان.
لە لایەكی دیكەوە، بۆ ساڵی نوێی خوێندن، چەند بەشێكی نوێی زانستی لە زانكۆدا دەكرێنەوە. ئەم بەشانە زیاتر بایەخ بە پسپۆڕییە هاوچەرخ و سەردەمییەكان دەدەن و لە كردنەوەیاندا ڕەچاوەی داهاتووی دەرچووانی بەشەكان كراوە. هەر یەك لەم بەشانە، دەتوانن لە بەرەوپێشبردنی زانستیی زانكۆ و لە دابینكردنی پێداویستییەكانی بازاڕی كار و كۆمەڵگادا ڕۆڵیان هەبێت.
زانكۆ لەم ساڵەی خوێندنی ئەكادیمیدا، بە وردی و درووستی پەیڕەویی لەو نەخشە ڕێگایە دەكات كە لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی پەسەندكراودا خراوەتە ڕوو. نووسینەوە و پەسەندكردنی پلانی ستراتیژیی زانكۆ هەنگاوێكی دیكەی گرنگی زانكۆی سۆران بوو كە بە هۆیەوە ئامانجە زانستییەكان و میكانیزمەكانی كاركردنی لە چوارچێوەیەكی دیاریكراوەدا نووسیونەتەوە و بە هۆیەوە بەرچاوڕوونییەكی زیاتر بۆ بەرەپێشچوونەكانی زانكۆ دێتە ئاراوە.
سەبارەت بە پەیوەندییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانیش، زانكۆی سۆران ساڵی نوێی خوێندن لە كاتێدا دەست پێدەكات كە پەیوەندییەكانی لە هەركاتێكی دیكە فراونتر بوون. زانكۆ چەندین یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ دامەزراوە و ناوەندە ئەكادیمییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان و هەروەها لەگەڵ چەند دامەزراوەیەكی خزمەتگوزاریی حكومی و كۆمپانیای كەرتی تایبەت هەیە. هاوكات، بە گوێرەی پلانیش لە ماوەی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤دا چەندین كار و چالاكیی هاوبەش لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێن كە لە سودی قوتابیان، مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆدا دەبن.
جارێكی دیكە ساڵی خوێندنی نوێتان لێ پیرۆز دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.
پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس
سەرۆكی زانكۆی سۆران