زاری كرمانجی- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ دەڵێت” تەسكبوونەوەی بەشی سەرەوەی بۆڕی میز وا دەكات گورچیلە ئەستوور و حەوزەكەشی گەورە بێت، ئەگەر چارەسەر نەكرێت گورچیلە لەكار دەكەوێت.
د. ڕێباز هەمزە، پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ، بە زاری كرمانجی گووت” تەسكبوونەوەی بەشی سەرەوەی بۆڕی میز وا دەكات گورچیلە ئەستوور بێت و حەوزەكەشی گەورە ببێت، ئەگەر دوای ماوەیەك چارەسەر نەكرێت دەبێتە هۆكاری لەكار كەوتنی گورچیلە، ئەم نەخۆشییە زیاتر لە منداڵان ڕوودەدات.
گرنگترین نیشانەكانیشی بریتین لەمانەی خوارەوە:
-هەوكردنی بەردەوامی میزەڕۆ و هەبوونی تا.
-ڕشانەوەی زۆر و دووبارە.
-ئەگەر حاڵەتەكە تووشی منداڵ ببێت ئەوا زوو زوو ئازاری سكی دەبێت و زۆر دەگریێت.
-دروستبوونی بەردی گورچیلە.
-لاوازبوون یاخود وەستانی گورچیلە.
-هەندێكجاریش هیچ نیشانەیەكیان لێ دەرناكەوێت تا گەورەش دەبێ، ئەمەش لەو كەسانەی تەسكبوونەوەیان كەمە.
ئەم پزیشكە گووتیشی” دەستنیشانكردنی لە ڕێگەی سۆنەر، تیشك و پشكنینی خوێن دەكرێ و هەروەها زۆرجار بە سۆنەر دەتوانرێت لە سكی دایك دا دەستنیشان بكرێت.
بەم ڕیگانەی خوارەوەش چارەسەر دەكرێت لەوانە:
-ئەگەر تەسكبوونەوەكە كەم بێت ئەوا دەتوانین چاودێری بكەین.
-لە ڕێگەی نەشتەرگەری بڕینی ئەو بەشەی كە تەسكبۆتەوە و دووبارە چاندنی بۆڕی میز بە حەوزی گورچیلە، ئەم نەشتەرگەرییە پێی دەگووترێت جوانكاری حەوزی گورچیلە.