زاری كرمانجی- سۆران
پزیشكێك دەڵێت: ” تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان كاریگەرییەكی ئێجگاریان لەسەر ژیانی تاكەكان و كۆمەڵگە ههیه، ئەم كاریگەرییانەش هەم نەرێنی و ههم خراپن.
د. ڕۆژین مەهدی، پزیشكی گشتی، لەبارەی خێرا پێشكەوتنی تەكنەلۆجیاوە، گووتی” تادێت بەكارهێنەرانی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان لە جیهاندا زۆر بەخێرایی گەشە دەكات، هەرچەندە ئامارەكان بەردەوام لە گۆڕانكاریدان، بەڵام بەپێی دوایین ئامارە نێوەدەوڵەتییەكانی ساڵی ٢٠٢١ دەركەوتووە، فەیسبووك زۆرترین ڕێژەی بەكارهێنەری هەیە بەجۆرێك كە ٢.٨ ملیار كەس بەكاری دەهێنن، لە دوای ئەویش ئینستاگرام، تویتەر، تیكتۆك، لینكدین، سناپچات، واتس ئاپ و یوتیوب دێن.
ئەم پزیشكە ئاشكراشی كرد” لە هەرێمی كوردستان هەرچەندە ئامار و داتای بەكارهێنەرانمان نییە، بەڵام بەگوێرەی ئەوەی دەیبینین ئێستا كەم كەس هەیە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بەكارنەهێنێت، ئەگەرچی لەوانەیە تۆڕەكۆمەڵاتییەكان زۆر شتییان بۆ ئێمە ئاسان كردبێت و بتوانین لە ڕێگەیانەوە پەیوەندی دۆستایەتی لەگەڵ كەسانی دەورووبەرمان دروست بكەین و بەو دروشمەی دەگوترێت دونیای بۆ ئێمە بچووك كردۆتەوە، بەڵام ئەو ڕاستییە پشتگوێ ناخرێت كە بەبێ هیچ سنووردانانێك بۆ ئەو تۆڕەكۆمەڵایەتییانە و كۆنترۆلكردنیان بوونەتە هۆی خەمۆكی و تێكدانی باری دەروونیمان، نابەرپرسانە بڵاوكردنەوەی بابەتە هەستییارەكان، جنێو، هەڕەشە و قسەی نەشیاو بە یەكتر گووتن لە گرفت و كێشە دەرچووە و بگرە دەتوانین بڵێین بووەتە كارەسات، هەروەها كاریگەریی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان لەسەر تەندروستی و دەروونی تاك و كۆمەڵگە دەكرێت بكەین بە دوو بەشەوە، بەشێكی كاریگەرییە باشەكانە ئەگەر بێتو هەر یەك لە ئێمە ڕۆژانە بە كاتێكی دیاریكراو و گونجاو سوود لە بابەتە بەسوودەكانی نێو تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان وەربگرین، دەتوانین خۆمان و توانستی خۆشمان و كۆمەڵگەش بە ئاراستەیەكی باش بەرەوپێش ببەین، بەڵام بەداخەوە ئێستا خراپ بەكارهێنانی سۆشیاڵ میدیا لە تەندروستی و دەروونی مرۆڤ دەرچووە و كاریگەرییەكەی گەیشتووەتە سەر كۆمەڵگە.