بۆژان ئیبڕاهیم
لە خاسیەتە گرنگەكانی ئیدارەی سۆران ئەوەیە سەرچاوەی ئاو لە خودی سنورەكەیە، بەڵام بەداخەوە تا ئیستا هیچ بەنداوێك بوونی نییە، هەڵكەوتەی ناوچەكە زۆر لە بارە بۆ دروست كردنی بەنداو.
مەبەست لە بەنداو بریتیە لەكۆكردنەوەی ئاو لە ناوچەیەكی دیاریكراوی سەر ڕووی زەوی، ئەم پڕٍوژانە لەسەر ڕووبارەكان دروست دەكرێت، بەجۆرێك دەتوانین لەسەر ڕووبارێك چەندین بەست و بەنداو دروست بكرێت، بەجۆرێك ئەو شوێنەی كەبەنداوەكەی تێدا دروست دەكرێت، لەڕووی جیۆلۆجی و بەرز و نزمی گونجاوبێت، چونكە جیۆلۆجی كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە كە بتوانێت بەرگەی ئەم بڕە زۆرەی ئاوی بگرێت.
هەروەك بەنداو لە چەندین رووەوە سوودو قەزانجی هەیە، وەك كۆنتڕۆڵكردنی لافاوە، بەكارهێنانی ئاوی گلدراوە بۆ پڕۆژە جۆربەجۆرەكان و سامانی ماسی و گەشتیاری و هتد.. هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەم بابەتە بە هند وەربگرن و هەوڵبدرێت، چەند بەنداوێك لە سنووری ئیدارەی سۆران دروست بكرێن.
شوێنی زۆر شیاو هەیە وەك و ڕووبار و سەرچاوەی ئاوی سروشتی، لە سنووری سەرجەم قەزاو ناحییەكانی دەڤەری سۆران بۆ دروستكردنی بەنداو و گلدانەوەی ئاو، هەروەك نرخی ئاو لە نەوت كەمتر نییە، ئەگەر بێت و پلانمان هەبێت ئەو ئاوەی كە بەفیڕۆ دەڕوات گل بدرێتەوە و لە وەرزەكانی تر یان كاتی پێویست سوودی لێ وەربگرین، بۆ كشتوكاڵ ئاوی ژێر زەویی بۆ سامانی ماسی، تەمەنی بەهار و سەوزایی درێژتر دەكرێتەوە و جگەلە سوودەكانی جوانییەكی زیاتر دەبەخشێت”.
لەهەمووش گرنگتر سنووری ئیدارەی سۆران، ناوچەیەكی گەشتیاریە و دەتوانرێت بۆ مەبەستی گەشت و گوزار و سەرچاوەی داهات بۆ ناوچەكەو كوردستان بەكار بێت، بەپێی سەرچاوە دیاردەكانی جوگرافیە، لە كوردستان 47 ملیار مەتر سێجا ئاوی كۆكراوە هەیە، بەڵام كەمتر لە 20 مەتر سێجا ئاوی كۆكراوە سوودی لێ وەردەگیرێت، بەهۆی نەبوونی بەنداو لە هەرێمی كوردستان ساڵانە 30 ملیار مەتر سێجا ئاو بە فیڕۆ دەڕوات.