زاری كرمانجی-سۆران
ناوی تەواوی مەلا مستەفا مەلا عەبدولڵا، لە نەوەكانی شێخ سلێمان كە میری سۆران بووە لە ناوچەی هیران و نازەنین. لە ساڵی 1873 چاوی بە دونیا هەڵێنەوە، بە منداڵی دەستی بە خوێندنی ئاینی كردووە و گەلێ شوێن گەڕاوە وەك خۆشناوەتی و رواندز و كۆیە و هەولێر و لاجان و پەسوێ و سابڵاخ، شارەزایی تەواوی لە زمانەكانی عەرەبی و فارسی هەبووە، لە شیعر و ئەدەبیاتدا یەكێك بووە لە شاعیرانی گەورەی كورد لە هەموو بابەتێك شیعری نووسیوە، نازناوی لە شیعردا (صافی) بووە، خاوەنی دیوانێكە لە ساڵەكانی ١٩٥٣ و ١٩٥٤ و ١٩٧٣ دا لە چاپ دراوە، هەروەها بۆ جاری چوارەم و پێنجەم لە ساڵانی ۲۰۰۳ و ۲۰۱٥ لەچاپ دراوەتەوە” صافی بە كاكی هیرانی بەناوبانگ بووەو لە 1942 كۆچی دوای كردووە.
لە یەكێك لە شیعرەكانی دەڵێت:
ئەی نیگارا بەسیە با درگای وەفا بكرێتەوە
تا بەكەی هەر دڵ لە زیندانی جەفا بكزێتەوە
سەبری ئەیووبم لەكوێ بوو عومری نووحم كەی دەبێ
پێنج و دوو ڕۆژێكی ماوە ڕۆح كە چوو نایێتەوە
ئەر لەڕووی ڕەحمەوە بێ یا بەعەزمی كوشتنم
گەل موسوڵمانان ڕجا كەن تۆخودا یار بێتەوە
دڵ لەقەیدی زوڵفەكەی هێندە پەشێوی دیتوە
تا نەفەس ماوە مەفەرموو جارێ تر ناسیتەوە
(سافی) بەدمێهری زەمان و قسەی ڕۆژی وەفا
لێم مەپرسە تۆخودا با زامی دڵ نەكولێتەوە