مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
تێكشكان و کەوتنە خوارەوەی فڕۆکهى یەڤگینی پریگۆژین سەرۆکی ڤاگنەر لە ڕووسیا، هەر زوو گۆمانی لای بەشێک لە چاودێرانی سیاسی و سەربازی دروست کرد بەوەی چۆن بەو ئاسانییە سەرۆکێکی یاخی دژ بە دەسەڵاتی پۆتین لە نێو خاکی ڕووسیا بە فڕۆکە هاموشۆ دەکات، لە ئێستادا شارەزایەکی سیاسەتی ڕووسیا قسەکانی لەبارەی ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە و گیانلەدەستدانی پریگۆژین گومانەکانی زیاتر کرد .
ڤالێری سۆلۆڤێی شارەزای سیاسەتی ڕووسیا و ئەندامی پێشووی پەیمانگای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە مۆسکۆ، دواین قسەی خۆی لەبارەی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە کرد و ئەو دەنگۆیانەشی ڕەت کردەوە کە باس لە گیانلەدەستدانی سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر دەکەن و دەڵێ: “ئەوەی لە ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەی چوارشەممەی ڕابردوو، گیانی لەدەستداوە هاوشێوەکەی پریگۆژین بووە، نەک خودی سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر.”
سۆلۆڤێی ئاشکراشی دەکات کە پریگۆژین لە وڵاتێکی ترە و خۆی بۆ تۆڵەکردنەوە لە سەرۆکی ڕووسیا ئامادە دەکات.
باس لەوەش دەکات پلانەکانی ڕووسیا بۆ کوشتنی سەرۆکی ڤاگنەر شکستی هێناوە، چونکە ناوبراو زۆر شارەزایە لە شێوازی خۆ گۆڕین و خۆشاردنەوە و تەنانەت گۆڕینی دەموچاویشی، ئەوەش دەڵێ : “کۆتایی ئەم ساڵ سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر دەردەکەوێتهوه و هەواڵی مردنى بە درۆ دەخاتەوە.”