مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
نووسەر و شانۆکارێکی دیاری ڕواندز و کوردستان، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان لە پای کار و چالاکییەکانی لە ڕووی هونەری و نووسین و مرۆیی ڕێزی لێنرا .
کامەران حاجی ئەلیاس لەدایکبووی 1965 ی ڕواندز و لە ئێستادا سەرپەرشتیاری پەروەردەی هونەرییە لە پەروەردەی هەولێر، لەلایەن هەریەک لە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتی بۆلیڤیا و ئەندۆنیسیا لەبەرامبەر خزمەتکردنی کۆمەڵگە لە ڕووی هونەر و ڕۆشنبیریی و مرۆیی ڕێزلێنانی پێشکەش کرا.
کامەران حاجی ئەلیاس لەبارەی ڕێزلێنانەکەوە بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند : “دوای بینینی کار و چالاکییەکانم لە ڕووی ڕاگەیاندن، شانۆ، بواری مرۆڤایەتیم.. لەڕێگەی خاتوو (شادان عەلی) داوای سیڤیم لێکرا و دواتر لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتی بۆلیڤیا و ئەندۆنیسیا ڕێزلێنانم پێشکەش کرا.”
هونەرمەند و نووسەر کامەران حاجی ئەلیاس، پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدا – بەشی شانۆی لە ساڵی 1993 تەواو کردووە و کۆلێژی هونەری لە ساڵی 2007 لە مووسڵ تەواو کردووە.
کامەران ی شانۆکار و نووسەر، سەرەتایی دەست پێکردنی کاری هونەری لە بواری شانۆ، هەر وەکوو خۆی بۆ زاری کرمانجی باسی دەکات دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1978، کاتێ لەسەر دەستی هونەرمەندی کۆچکردوو مامۆستا ( زرار محەممەد مستەفا) وەک ئەکتەر دیاری دەکرێت بۆ ئەوەی بەشداری لە ئۆپەرێتی (خۆڕاگری تا سەرکەوتن) بکات کە ئەو کات لە هۆڵی قوتابخانەی پاشای گەورە لە ڕواندز نمایش کرا، لەو ساتەوە تاوەکوو ئێستا لە کاری هونەری بەردەوامە.
لە تەمەنی کاری هونەری خۆیدا خاوەنی چەندین بەرهەمی شانۆگەری، سینەما، زنجیرەی تەلەڤزیۆنی و ڕادیۆی یە، هاوکات وەک ئەکتەر و دەرهێنان بەشداری لە چەندین کاردا کردووە (خۆڕاگرتن تا سەرکەوتن ، هاوارێک لە فەلەستین، کە زۆر هات قەواڵە بەتاڵە، نهێنی پیشە، بانێکە و دوو هەوا، ئەو پیاوەی مەرگ لێ سەڵمییەوهـ، شاری ئەوین، نەفرەت لێکراو، مەرگی بەختەوەری ، ئۆدیب پاشا، زمبیل فرۆش، ڕۆژانی گوڵ ڕەنگ، تابلۆ، یارییەکی شکسپیری، ژەنەراڵ، پانۆرامای شارەکەم، لەدایکبوون، خەندەی گورگ، خۆر، ژوان، فێربوون، ئۆتۆلیۆ دەگەڕێتەوە، کورسی ددانپێدانان، مەقام ئیبراهیم وە سەفیە، خگوەخارج مکان، الچلمە, هێما سەراتاکانی دۆزەخ، هەموو عەترەکانی عەرەبستان، مێوە خۆشەکە، هێڵە سپییەکان، هەنسکی مێژوو، فرمێسکی بێخاڵ، هەڵەبجە قیامەتێکی خۆڵەمێش، گۆرانی چایکا، وڵاتی لە ئاگر، غەوارە، ژوانی کەمانجە، کاوەی ئاسنگەر، سەڵاحەدینی ئەیووبی).
جگە لەوەش مامۆستا کامەران حاجی ئەلیاس سەرپەرشتی زیاتر لە (40) تێزی قوتابییانی بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێری کردووە.
هاوکات خاوەنی پێنج پەرتووکی چاپکراوە بە ناوەکانی (تەختەی شانۆ، شانۆی قوتابخانەیی، لەگەڵ شانۆدا، قەیرانی شانۆ لە نێوان وەزارەتی ڕۆشنبیری و شانۆکاران، گرنگی دەق لە پرۆسەی نمایشی شانۆی و چەند بابەتێکی تر)
نووسەر و شانۆکارەکەی ڕواندز باس لەوەش دەکات لە ئێستادا دوو پەرتووکی تریشی ئامادەیە بۆ چاپکردن و بەردەوامیشە لە نووسین لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان.
بەشی زۆری کارەکانی کامەران لە ڕواندز، سۆران، چۆمان، هەولێر ، دهۆک ، بەغدا، دەرەوەی وڵات نمایش کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشداری چەندین فێستیڤاڵی شانۆیی لە شارەکانی کوردستان و عێراق کردووە و لە ماوەی چەندین ساڵ خزمەتکردنی کۆمەڵێک خەڵاتی ڕێزلێنانی لە ئاستی کوردستان و عێراق و نێودەوڵەتی پێ بەخشراوە.