“ترسیان لە سەركەوتنەكانی پارتییە لە كەركوك”
دوای ئەوەی بە بڕیاری سەرۆكی حكومەتی بەغدا، بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هێزە چەكدارە خۆسەپێنەكانی حەشدی شەعبی چۆڵكران تا پارتی بچێتەوە ناو بارەگاكانی كە لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر داگیر كرابوون، ژمارەیەك كەسی دیار بە هاندانی سیاسی رێگەی كەركوك هەولێریان گرتووە و رێگە نادەن پارتی بچێتەوە نێو بارەگاكانی خۆی، هەندێك لە چاودێران پێیانوایە ئەمە كاری خەڵكی ئاسایە نییە و دەست لە پشتدانی هەندێك لایەنە.
د. سیپان شێروانی لەمبارەوە گووتی ” هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق و كوردستان دەزانن پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەكوك زۆرینەی دەنگەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بەدەست دێنێ، بۆیە ترسیان لێ نیشتووە و خەڵك هاندەدەن ئەو رێگرییە بكەن، لە نێویشیاندا یەكێتی بەخۆی دەستی لەم كارە هەیە، بە تایبەتی كە دوای خیانەتی 16 ئۆكتۆبەر دۆخی هاووڵاتییانی كەركوك زۆر خراپتر بووە و زوڵمێكی زۆر لە نەتەوەی كورد و ژمارەیەكی زۆری عەرەبی سوونە و توركمان دەكرێت و یەكێتیش لێیان بێ دەنگ بووە و تەنها جەنابی سەرۆك بارزانی و نوێنەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بەرگرییان لێ دەكەن، بۆیە دڵنیان لە سەركەوتنی پارتی و ئەو رێگریانە ئەنجام دەدەن “.