د. سیپان شێروانی پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا:
دەبێ سنوورێك بۆ ئەو دیكتاتۆرییەتەی بەغدا دابندرێت
بۆیان بڵوێت لە سەردەمی رژێمی سەدام خراپترمان بەسەر دێنن.
زاری كرمانجی- سۆران :
چاودێران و شڕۆڤەكارانی سیاسی پێیانوایە حكومەتی عێراق لە رێككەوتنەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان پاشگەز بۆتەوە و ئەوەش چاوەڕوانكراو بوو، لەبەر ئەوەی كابینەكانی پێشووتری عێراق زیاتر لە 55 ماددە و بڕگەی دەستووریان لە بەرامبەر كورد پێشێل كردووە و تا ئێستاش ئامادە نین جێبەجێی بكەن، بە دڵنیاییەوە رێككەوتنی ئەم دواییەیەش لەگەڵ حكومەتی هەرێم پێشێل دەكەن یا كێشە بۆ حكومەتی هەرێم دروست دەكەن.
د. سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مباریەوە بۆ زاری كرمانجی گووتی ” تا ئێستا حكومەتی ناوەندی وەك پێویست پابەندی رێككەتنەكان نەبوونە و هێشتا جێبەجێیان نەكردووە، لەبەر ئەوەی دەبوایە تا ئێستا تەواوی مافە داراییەكانی كە لە یاسای بودجەوە هاتووە و دەنگی لەسەر دراوە دابینكرابایە “.
ئەم پەرلەمانتارە زیاتر روونیكردەوە ” هەر چەندە ئەو رێككەوتەی كە كراویشە بە دڵ و خواستی ئێمە نەبوو، بەڵام ئەوان بە زۆرینەی دەنگ تێیانپەڕاند، هێشتاش جێبەجێی ناكەن”.
لە درێژەی قسەكانیدا د. سیپان شێروانی گووتی ” دەبێ سنوورێك بۆ ئەم دیكتاتۆرییەتی بەغدا دابندرێت و چارەسەری خێرای ئەم كێشە بكرێت، لەبەر ئەوەی بەمجۆرە هزر و بیر كردنەوە و تێڕوانینەی لە بەغدا لە ئاست هەرێمی كوردستان هەیە، بۆیان بڵوێت لە سەردەمی رژێمی سەدام خراپترمان بەسەر دێنن”.
زیاتر دەڵێت ” پێویستە جولەیەكی دیپلۆماسی لەمبارەوە بكرێت، كارتی فشاری زۆر لەبەر دەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە پێویستە بەكار بهێندرێن، هەتا ئەگەر پێویست بكات لە پڕۆسەی سیاسی بەغدا بكشێینەوە”.