مەهدی محەممەد -زاری کرمانجی :
دوای ماوەیەک له بێ دەنگي، جارێکی تر زانا هۆڵەندییەکە لە پێگەی کۆمەڵەی جیۆلۆجی سەر بە SSGEOS دەرکەوتەوە و ئەم جارە هۆشداری لە ڕوودانی بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر و مەترسیدار دەدات .
(فرانک هۆگربیتس) زانای هۆڵەندی، جارێکی تر بە پێشبینییەکانی دڵەڕاوکێ لای دانیشتووانی زەوی دروست کرد.
هۆگربیتس، هۆشداری لە ڕوودانی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 8 پلەی ڕێختەر دەدات و دەڵێ : “بەهۆی ڕیز بوونی هەریەک لە هەسارەکانی زەوی و مەریخ و نیپتۆن لەسەر یەک ئاست، لەگەڵیدا ڕیز بوونی ئەندازەی مانگ لەگەڵ ئەم هەسارانە. هاوکات جوڵانی زەوی بە هێواشی لەنێوان هەر دوو هەسارەی مەریخ و نیپتۆن، وا دەکات پێشبینی بوومەلەرزەیەکی مەترسیدار بکرێت کە لە 8 پلەی ڕێختەر زیاتر بێت.”
بەشێکی زۆری پێشبینییەکانی زانا هۆڵەندییەکە لەبارەی بوومەلەرزەوە بە ڕاست گەڕاوە، بەتایبەت بوومەلەرزە بەهێزەکەی کە قووڵی هەر دوو دوورگەی بالی و لۆمبوک ی لە ئەندۆنیسیا بە گوڕی 7.1 پلە هەژاند.
ئەگەرچی هۆگربیتس ئەم جارە بێ ناوهێنانی شوێنی ڕوودانی بوومەلەرزەکە پێشبینییەکەی خۆی ڕاگەیاند، بەڵام پسپۆڕانی زەوی ناسی ئاراستەی قسەکانیان بۆ تورکیایە، کە دەکرێت جارێکی تر بوومەلەرزەیەکی وێرانتر لە ڕابردوو ڕوو لەو وڵاتە بکات، بەتایبەت دوای دەرکەوتن و دروستبوونی چاڵێکی گەورە لە ناوچەیەکی ئەو وڵاتە.