موڕشید برادۆستی – سیدەكان:
لە قەزای سیدەكانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، تا ئێستە چێشتخانە لێ نییە. بە گوتەی خەڵكەكەی بە هۆی مێواندۆستییان تا ئێستە چێشتخانە لە دەڤەری برادۆست دانەندراوە و پێیان وایە، ئەو جۆرە پیشانە لە سنوورەكە بازاڕیان باش نابێت. ئەمەش نیگەرانی گەشتیاران و ئەوكەسانی لێ كەوتۆتەوە كەوا بۆ گەشت یا ئیش و كار سەردانی ئەو دەڤەرە دەكەن.
ئاواز شێرزاد كچێكی دانیشتووی سیدەكانە بە زاری كرمانجی گووت، خەڵكی سیدەكان و دەڤەری برادۆست خەڵكانێكی مێواندۆستن و حەز بە مێوان دەكەن، خەڵكی ئەو دەڤەرە یان خزمی یەكترن یان ناسیاون و بەو هۆیەوەش زیاتر بۆ نانخواردن یان بۆ چاخواردنەوە سەردانی ماڵی یەكتر دەكەن ، بەڵام هەرچۆنێك بێت ئێرە قەزایە و ناوچەكی گەشتیارییە و خەڵكەكی زۆر ڕووی تێ دەكات بۆ حەسانەوە یان پێویستیان بە چێشتخانە و چایخانە هەیە.
زیاتر گوتی، مێواندۆستی هیچ لە بابەتەكە ناگۆڕێت بۆ هەبوونی ئەو پێویستییە، چونكە هەموو كەس كە بێتە سیدەكان مەرج نییە خەڵكی سیدەكان بناسیت تا بچێتە لایان و ببێتە مێوانیان، بۆیە داوا لە كاسبكاران و خەڵكی ئەو دەڤەرە دەكەم كە هەوڵ بدەن وەك ناوچەكانی تری كوردستان چێشتخانەی مۆدێرن دابنێت، كە جیا لە خەڵكی بیانی رەنگە خەڵكی سیدەكانیش زۆر جار رووی تێ بكات.
لای خۆیەوە، عەبدولقادر ئەكڕەم سەرۆكی شارەوانی سیدەكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” تا ئێستا هیچ چێشتخانەیەك نییە لە قەزای سیدەكان، بەڵام كارمان لەسەر كردووە لە گەڵ كەرتی تایبەت چێشتخانەیەكی مۆدێرن دروست بكرێت و بكەوێتە سەر شەقامی سەرەكی دووسایدی سیدەكان.
سەرۆكی شارەوانی سیدەكان، دەڵێت:” پلانمان هەیە ڕێكخستنەوە بۆ بازاڕی سیدەكان و جوان كردنی سیمای شار بكەین، هەبوونی چێشتخانە زۆر پێویستە لە سیدەكان بوونی هەبێت، بەتایبەت لەگەڵ هێنانە كایەی قەزا، ئەوەی بۆ گەشتیاری و كار و بار سەردانی ئەو دەڤەرە دەكەن لە ئێستادا بە ناچاری دەبێت خواردن لەگەڵ خۆیان بێنن یا سەردانی ماڵان بكەن.
سیدەکان لە ساڵی 1932 بووەتە ناحیە و خاوەنی 266 گونده و ڕێژەی دانیشتوانانی نزیکەی 20 هەزار کەسە، چەندین ساڵە خاوەن دوکان و بازاڕی تایبەت بەخۆیەتی، لەلایەن کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی ئاسنکاری بۆ کار و باری هاووڵاتییان و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە کارگێڕییەکان لە ساڵی ڕابڕدوو بە فەرمی سیدەکان کرایە قەزا.