سەرۆك بارزانی لە کاتی بانگەشەی ڕیفراندۆمدا، جارێکیان روو لە دوژمنان و داگیركەرانی كوردستان گوتی: ”ئەمە سەد ساڵ كورد سزا دەدەن، ئەری تێر نەبوون لە سزادانی خەڵكی كوردستان؟“.. لە ڕاستیدا ھەر بە بڕیاردانی ڕیفراندۆم و پشتکردن لە خواستی دراوسێكان و زلهێزانی جیهان و رووكردنە خواستی گەلەكەی خۆی، ئەوپەڕی بوێری و بەهێزیی ئیرادەیە، ئەوپەڕی وەڵامی لەجێیە بۆ ئەو هەڕەشانە، بارزانی نەبێت ھیچ سەرکردەیەک نییە جورئەت بکات ئەو هەنگاوە بۆ گەلەکەی بهاوێژێت.
ئەو تەحەددایەی سەرۆک بارزانی کردی، ھیچ سەرکردەیەک بەدرێژایی مێژوو جورئەتی نەکردووە بیکات، تەحەددای بارزانی تەحەددای ناوخۆیی و وڵاتانی ھەرێمی و جەمسەری و جیھانی بوو. کاتێک سەربەخۆیی وڵاتێک دێتە باس و وڵاتێکی نوێ لەدایک دەبێت، جیھان و ژینگەی ئەو وڵاتەی لە ناوچەکە لەگەڵ چواردەوری بۆ چەند بەرەیەك دابەش دەبێت، بەرەیەک دژیەتی، بەرەیەک لەگەڵیەتی، بەرەیەکیش بێلایەنە.
بەڵام ڕیفراندۆمی کوردستان جیھان دژی بوو، چونکە یەکەم جار بوو بەدرێژایی مێژووی ناوچەکە دەنگی كەسێک سەرووی دەنگی داڕێژەرانی نەخشەی ناوچەکە و کارەکتەرانی ئەوان بێ لە ناوچەکە، کە ئەو كەسایەتییە بۆ گەلی خۆی بڕیاردانی ھەزار ساڵانی ئەوانی تێپەڕاند، ئەوەش بە زمانی ئایینی (کفرێكی کرد و لێخۆشبوونی بۆ نییە!) بە زمانی یاسایی (گەورەترین تاوانی کرد!) و بە زمانی زانستی بیرکاری (ئەو ھاوکێشەیە ھیچ شیکارێکی نەبوو) بە زمانی فەلسەفییش (نەک ھەر گومانیان کرد، بەڵکوو بەتەواوی ڕەتیان کردووە کە بوونی ھەبێت!)
بەڵام ئیرادەی بارزانی بۆ گەلەکەی ھەموو دیدی بیركارییانە و ئایین و فەلسەفە و یاسا و ھاوکێشەیەکی تێپەڕاند و لای داگیرکارانی کوردستان کفری سیاسیی کرد! بە ناوی بارزانیزم ڕیفراندۆمی بۆ گەلی کوردستان ڕەخساند، کە گەلی کوردستان بۆ یەکەم جار بە ئازادانە لە پرۆسەیەكی تەواو دیموكراسی و سپییدا، بڕیاری لەسەر مافی چارەنووسی خۆی دا، کە بەدرێژایی مێژوو ئەو ئازادییەی لێ زەوت کرابوو، ئاخر ھەر جارەو وڵات و ئیمپراتۆرییەت و كەسێک بڕیار لەسەر مافی چارەنووسی دەدا.
ھەروەک چۆن (وڵاتانی 5+1 لە پرسی نێودەوڵەتی)دا ھەن، بەو شێوەیە (حەوت سەرسوڕھێنەرەی جیھان + یەک ئیرادەی بارزانی) ھەیە. بڕیاردانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، کە پشتکردن بوو لە خواست و نەخشەی تەواوی جیھان، لەوانەیە بۆ سەر زمان ئاسان بێت، بەئاسانی لێوی سەرەوە لە لێوی خوارەوە بدەی و بدوێی، بەڵام گەر لەسەر تەرازوو دابنرێت، لە زەوی تا ئەوپەڕی ئاسمان، ھەتا تەبەقەی حەوتەمی ئاسمانیش ئەگەر کۆتایی نەبێت، تێدەپەڕێنێت، ھێندە قورس دەبێت، کە ھیچ پێوانەیەك نییە بتوانێت بیپێوێت، کە بە زمانی ژمارە بدوێت و بنووسرێت.
زۆر شت ھەن سەد ساڵ، یان ھەزار ساڵ جارێک دەبن، بەڵام هەنگاوی بارزانی لە دروستكردنی ئیرادەی بەهێز بۆ گەل و نەتەوە و نیشتمانەکەی و بڕیارێكی قورس، نەک سەد و ھەزار ساڵ، بەڵکوو نە لە دونیای دوێنێ و نە لە دونیای سبەینێدا، ھیچ جارێک ئیرادەیەکی لەو شێوەیە دروست نەبووە و نابێتەوە، یەک جار ڕووی داوە و نابێت بە دوو جار.
هەموان دەزانن لە دیدی ئایینەوە، خوای گەورە لە (كفری گەورە) خۆش نابێت، ئەنجام دۆزەخ چاوەڕێت دەكات، بەڵام كفركردن لە سیاسەتدا، واتە (كفری سیاسی نەك ئایینی) لەپێناو مافی رەوای گەلەكەتدا، دژبەر و ئاستەنگ و سزا سیاسییەكان هەرچییەك بن، خوای گەورە پشتیوانت دەبێ، چونكە تۆ دەتەوێ گەلەكەت لەو دۆزەخە رزگار بكەیت كە جیهانێكی بێویژدان لەسەر زەوی بۆی دروست كردووە. بۆیە گەر بەلای دەوڵەتانی دراوسێ و زلهێزانی بەرژوەندخوازەوە، (ریفراندۆم كفرێكی سیاسی بێت) ئەوە بەلای بارزانی و دەنگدەرانی (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی) ریفراندۆمەوە، چاكەیەك بووە بۆ گەیشتن بە بەهەشت.