زاری كرمانجی- سۆران
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سۆران، دەڵێت: لە شار و شارۆچكەكانی ئیدارەی سۆران لە ڕێگەی چەندین لیژنەوە چاودێری بازاڕ دەكەین، لەكاتی بینینی هەر سەرپێچیەك و تێبینیەك هاووڵاتییان دەتوانن ئاگادارمان بكەنەوە.
سەفا سەیدخان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: بەردەوام بەدواداچوون بۆ نرخی كەلوپەل لە بازاڕ دەكەین، بۆ ئەوەی كەس نەتوانێت دەستكاری نرخ بكات و كەلوپەلی ماوە بەسەرچوو بفرۆشێت، هەروەها پابەندكردنی فرۆشیاران بەتایبەت ماركێتەكان، سەوزە و میوە فرۆشەكان بە هەڵواسینی نرخی دیاریكراو.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سۆران، گوتیشی: چاودێری كاری كۆمپانیاكان دەكەین لەو كاڵا و كەلوپەلانەی هەناردە یاخود هاوردە دەكەن كە دەبێ بەپێی پێوەرێك بێت پابەندی كۆنترۆڵی جۆری عێراقی بن، هەروەها ڕێگری دەكەین لەو كەلوپەلانەی كە بە نایاسایی دێنە شارەكە، لەگەڵ ئەوەی چاودێری بریكارەكانی دابەشكردنی ئارد و خۆراك دەكەین، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەرێوەچوونی پرۆسەی گەیاندن و دابەشكردن، هەروەها چاودێریكردنی ئەو كارگانەی تایبەتن بە لە كیس نانی كەل و پەلی خواردەمەنی بە مەبەستی ئاگاداربوون لە كێش و كەل و پەلەكانیان.
سەفا سەیدخان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سۆران، دەشڵێ: لیژنەكانی چاودێری بازاڕ بەسەر هەموو شار و شارۆچكەكان دابەشكراون و بەردەوام چاودێری بازاڕ لەڕووی جۆرایەتی، چەندایەتی و نرخ دەكەن، لەكاتی بینینی هەر سەرپێچیەك و تێبینیەك هاووڵاتییان دەتوانن ئاگادارمان بكەنەوە.