زاری كرمانجی- سۆران:
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دوو داواكاریی دیكەی خەڵكی كفری جێبەجێ كرد و دوو شەقامی گرنگی شارۆچكەكە، قیرتاو دەكرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە 28-8-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دوو داواكاریی دیكەی خەڵكی كفری جێبەجێ كرد، ڕەزامەندیی لەسەر قیرتاوكردنی ڕێگای 12 ئیمام لە شارۆچكەی كفری دا، كە تێچووەكەی 6 ملیار و 21 ملیۆن و 550 هەزار دینارە.
لە هەمان كاتدا، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕەزامەندیی لەسەر قیرتاوكردنی ڕێگای دێلێژە – سەنگاو دا، كە بڕی تێچووی قیرتاوكردنەكە، یەك ملیار دینارە.
لە ماوەكانی ڕابردوودا، بەشێكی خەڵكی شارۆچكەی كفری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، گردبوونەوە و چەند داواكارییەكیان خستە ڕوو، دەمودەست مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لیژنەیەكی بەدواداچوونی بۆ لێكۆڵینەوە لە داخوازییەكانی خەڵكی كفری پێكهێنا و چەندین داواكاریی خەڵكی شارۆچكەكەی جێبەجێ كرد.